بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوهەیل شاهین وتەبێژی نووسینگەی سیاسی تاڵیبان لە قەتەر، وتی کە ئەفغانستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی لە پاش ساڵانێک داگیرکاری لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە، هەوڵی ڕاکێشانی هاوکاری نێودەوڵەتی دەدات.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی CGTN ی چین داوایکرد کە وڵاتانی جیهان بۆ ئاوەدانکردنەوەی لە بەشە جیاجیاکاندا هاوکاریی ئەفغانستان بکەن.
ناوبراو وتی: ئێمە لە قۆناغێکی شەڕ و ڕووخاندن هاتووینەتە دەرەوە و پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ و لەم قۆناغەشدا خەڵکی ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە. ئەوان دەبێت بێنە پێشەوە و لە بەشەکانی تەندرووستی، پەروەردە، ژێرخانەکان و … هاوکاری ئێمە بکەن. ئەوان دەتوانن بۆ دۆزینەوەی کانزاکان و سەرچاوە سرووشتییەکان بێنە ئەفغانستان. ئەمە بانگهێشتی ئێمەیە بۆ سەرجەم وڵاتان و دەستخۆشی لە هەر وڵاتێکیش دەکەین کە لەم قۆناغە هەستیارەدا یارمەتیدەرمان بێت.
تاڵیبان لە 15 ی ئاب ڕایگەیاند کە شەڕی ئەفغانستان کۆتایی هاتووە و لە زووترین کاتدا دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان ڕادەگەێندرێت./.