سیاسەتەکانی ئەمریکا تەنیا زیانە مادی و ئابورییەکان و لەناوبردنی ژێرخانی وڵاتان و دواکەوتنی ئەوانی بە دواوە نەبووە، بەڵکوو بووەتە هۆکاری کوژران و خوێنڕژانی هەزاران کەس و تێکچوونی ئاشتی ناوچەکەش و مەترسیی لە سەر ئاشتی و سەقامگیری جیهان بە گشتی داناوە
پرسیار ئەوەیە کە کێ دەیەوێت بە هۆی ئەو هەموو تاوان و کارەساتەوە لێپێچینەوە لە ئەمریکا بکات؟.
ئەمریکا بەشێکی زۆر لە گەلانی ستەملێکراوی جیهانی چەوساندووەتەوە و سزای سیاسی و ئابوری و سەربازیی بە ئامانجی ملکەچکردنیان بە سەر ئەواندا سەپاندووە بەڵام کێ دەتوانێت لێپێچینەوە لەم هەموو زوڵم و تاوانەی ئەمریکییەکان بکات؟
ئەمریکا یاری بە دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکات و لە پێناو جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خۆی بەکاریان دێنێت، لەو ڕێگایەوە دەسدرێژی دەکاتە سەر هەر وڵاتێک و سزایان دەدات و ئەو وڵاتانەش کە ڕوبەڕوی واشنتن دەبنەوە، بە پاڵپشتی لە تیرۆر و دەیان بیانووی بێ بنەمای دیکە تۆمەتبار دەکرێن.
شارەزایان دەڵێن کە ئەم سیاسەتانە درەنگ یان زوو، دەگەنە ڕووخانی ئەمریکا یان سنورداربوونی چالاکییەکان و پاشەکشەی هێزی ئەم وڵاتە لە سەر ئاستی جیهان.
ئەوەی کە لە ئەفغانستاندا بینرا بەڵگە و نموونەی شکست و پاشەکشەی هێز و دەسەڵاتی ئەمریکایە لە سەر ئاستی جیهان. بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایان، عێراق دۆخێکی جیاوازتری لە ئەفغانستان هەیە بەڵام بە بڕوای ئەمریکییەکان، یەک پاکێجە و ئامانجێکی جیاوازی نییە.
ئەمریکا لانیکەم لە مێژووی 70 ساڵەی خۆی کارنامەیەکی پڕ لە تاوانی هەبووە. بۆردومانی ناوەکی هیرۆشیما و ناکازاکی لە ژاپۆن، کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی ڕەگەزی لە ڤێتنام، تاوانەکان لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، داگیرکردن و کوژرانی هەزاران کەسی بێ تاوان لە عێراق و ئەفغانستان تەنیا بە بەشێک لەو تاوانانەی ئەمریکا دادەنرێت.
ئەمریکا هەروەها بە سەپاندنی سزا تاکلایانەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و کشانەوەی ناپەرپرسانە و تاکلایانە لە ڕێکەوتنی ناوەکی و هەروەها پاڵپشتی لە ڕژێمی زایۆنیستی، کارنامەی تاوانەکانی خۆیی لە چەند ساڵی ڕابردوو زیاتر کرد.
جیلەکانی داهاتوو بە هۆی ئەم هەموو تاوانەوە نفرینی ئەمریکا و دەسەڵاتدارەکانی دەکەن و ڕووخان و لاوازبوونی واشنتن هۆکاری شایی کۆمەڵانی خەڵک لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەبێت.
ئەو شکستەی ئەمریکا کە لە ئەفغانستاندا بینرا، لە داهاتوودا لە عێراقیش دووبارە دەبێتەوە تا دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی بەو ڕاستییە بگەن کە سەردەمی داگیرکاری و زوڵم و زۆر بە سەر هاتووە. بەڵام بەداخەوە کە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی نییە کە بتوانێت بە هۆی ئەو هەموو تاوان و کارەساتانەوە لێپێچینەوە لەو وڵاتە بکات./.