بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئاژانسی فەرمی عێراق، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
لەو وتووێژەدا سەرۆک کۆماری ئێران دەستخۆشیی لە مستەفا کازمی کردووە بە هۆی هەوڵەکانی گەل و حکومەتی عێراق لە میوانداری زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکان.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی هەروەها ڕۆڵی عێراقی لە نزیککردنەوەی تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە بەرز نرخاندووە.
لەو وتووێژەدا کە هاوکاتە لە گەڵ هەوڵەکانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوچەییەکەی بەغدا، مستەفا کازمی جەختی لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکانی ناوچەکە کردووەتەوە./.