بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی کە وەڵامەکەی ئەم دواییە لە بەرامبەر هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی، پلانێکی تەواو گرنگ بووە و ئەوەی پیشاندا کە حزبوڵڵا هیچ کات خەڵک وەک قەڵغانی مرۆڤی بەکار ناهێنێت و هەمووان ئەم ڕاستییەش دەبینن.
ناوبراو وتی: ئەو پیلانەی کە هەندێک هەوڵیان بۆ دەدا، پووچەڵکرایەوە. (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوانەی کە ویستی پێکدادانی نێوان خەڵک و حزبوڵڵایان هەبووە).
نەعیم قاسم وتی: چالاکییەکانی حزبوڵڵا گەورەترە لەوەی کە گرنگی بە بابەتە زۆر وردەکان بدات و ناکرێت خۆڕاگری و حزبوڵڵا بەو ڕووداوە بچووکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا وتی: نەیارانی خۆڕاگری لە لوبنان دوو بەشن، بەشێک دەنگی سیاسییان هەیە و دەڵێن حزبوڵڵا نوێنەرایەتی تەواوی خەڵکی لوبنان ناکات و بەشێکی دیکە ئەوانەن کە شەو و ڕۆژ هەوڵ دەدەن تا پرۆژە و پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێ بکەن.
ناوبراو وتی: لە سەرەتای دامەزراندنی حزبوڵڵاوە تا ئێستا لە پێناو یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە لوبنان هەوڵمان داوە، بیرۆکەی ئێمە ئەوە بووە کە دەبێت لە ڕێگای سەربازییەوە وەڵامی ڕژێمی زایۆنیستی بدرێتەوە و ئەنجامەکانی ئەم خۆڕاگرییەش دەبێت بگاتە دابینکردنی یەکڕیزی گەلی لوبنان، ئێمە توانای تێپەڕکردنی قەیرانەکانی ئێستای لوبنانمان هەیە ناکرێت کە بەرپرسیاریەتی قەیرانەکان لە حکومەت دوور بخرێتەوە و بە تەنیا باسی ئێمە بکرێت.
جێگری سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی کە حزبوڵڵا شەڕی ناوێت بەڵام وەڵامی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش دەداتەوە و تاوانەکانی ئەو ڕژێمە قبووڵ ناکات./.