بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پۆل واسکز مامۆستای زانکۆی فلۆریدا لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە دوایین ڕەوشی ئەفغانستان، وتی: لە پاش کشانەویە هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ڕێکخراوی ناتۆ، تاڵیبان هێزی زیاتری گرتووە و ناوچەیەکی زۆری لە ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ کردووە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوو ئەم ئاڵۆزییەش زیاتر بێت.
ناوبراو بەرگریی لە بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کرد و وتی: جۆبایدن گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامی مانەوەی هێزی وشکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە نییە و لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە. لە ڕاستیدا مانەوەی هێزەکان لە گەڵ ئەو تێچووە زۆرەی لە سەر ئەمریکا بووە یەکیان نەدەگرتەوە و نەدەکرا کە چیدی ئەمریکا درێژە بە مانەوەی خۆی لە ئەفغانستان وەک درێژترین ماوەی شەڕکردن لە وڵاتێکی دەرەکی بدات.
مامۆستای زانکۆی فلۆریدا لە درێژەدا وتی: بە درێژایی مێژوو وڵاتانی وەک بەریتانیا و ڕووسیا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە وڵاتانی داگیرکراو لە بەرامبەر ئاڵۆزییەکان بپارێزن و من پێم وایە کە بایدن بڕیاری ئەوەیداوە کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕێگریی لەوە بکات کە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرچاوەکانی لە شەڕی ئەفغانستان لە دەست بدات و ڕەنگە لە داهاتوودا لە ناوچەیەکی دیکەی جیهان کە پێویست بکات نەتوانێت کەڵک لە تواناکانی وەربگرێت. بایدن لە لایەکی دیکەوە ئاگاداری ڕەوشی خێزانیی ئەندامانی سوپای ئەمریکایە و داوای کۆتایی هێنان بە ئێش و ئازارەکانی ئەوانی کردووە.
واسکز بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئێران و پاکستان لە پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان وتی: ئەم دوو وڵاتە ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەیە و وڵاتانی دراوسێی گەورە و گرنگی ئەفغانستانن، بە دڵنیاییەوە کە ئەم دوو وڵاتە بە هۆی کاریگەری سیاسی و دیپلۆماسی، ئابوری و بازرگانی و ئەمنییەوە دەتوانن ڕۆڵی گرنگیان لە داهاتووی ئەفغانستان و خەڵکەکەی هەبێت./.