بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لەو هۆکارانەی کە کاریگەری خەراپی لە سەر خەوتن هەیە، خواردنە لە کاتی نەگونجاودا.
هۆکارەکان بۆ هەبوونی خەوێکی خۆش و ئارام بۆ مرۆڤەکان زۆرن، بە پێچەوانەشەوە هۆکاری خەوزڕان و خەوی پچڕ پچڕیش زۆرن کە زیانێکی زۆریان هەیە لە سەر تەندرووستی و کەمبوونەوەی بەرگری جەستە. لە کاتی خەوتندا جەستە هەڵدەستێت بە لەناوبردنی مادەی زیانبەخش و چالاککردنی بەرگری و بونیادنانەوەی ماسولکە.
لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەی کە کاریگەری خەراپیان لە سەر خەوتن هەیە، خواردنە لە کاتی نەگونجاودا، یان تەرخانکردنی کاتی حەوانەوە بە شێوەی هەڵە، خواردنی ژەمێکی قورس و چەور بە تایبەت لە ئێواراندا هۆکارێکە بۆ تێکچوون و پچڕاندنی خەو یان کەم خەوی.
ئێواران لە زۆربەی وڵاتان نانێکی کەم واتە ژەمێکی سارد، کە هەرسکردنی ئاسانترە دەخورێت. وا باوە و ئەوترێت زۆر خواردن هیلاکت دەکات و هۆکارێکە بۆ خەوێکی خۆش بەڵام بە پێچەوانەوە لە بەرامبەردا جەستە پێویستی بە وزەیەکی ئێجگار زۆرە بۆ هەرسکردنی ئەم ژەمە چەورە لە بەر ئەوە لە دوای هەستان لەو خەوە هەست بە هیلاکی و بێزارییەک دەکەیت کە ماوەیەکی ئەوێت تا چالاکییە ئاساییەکانت بە ئەنجام بگەێنیت، نەک هەر خواردنی قورس بەڵکوو خەوێکی کورتی نیوەڕوان کاریگەری خەراپی هەیە لە سەر خەوی شەوان.
هەندێک خواردنەوەی وەک کحول و کافاینەکان هۆکارن بۆ تێکچوونی خەوی شەوان. زۆربەی سەرچاوە زانستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ دەستەبەربوونی خەوێکی خۆش لە شەواندا پێویستە لە دوای ئێوارەوە خواردنە کافاینەکان نەخورێتەوە، بە هیچ شێوەیەک خواردنە کحولییەکان لە ژەمی ئێواراندا نەبن.
هەروەها پزیشکان ڕێنمایی ئەوە دەکەن کە دووربکەونەوە لە خواردنی چەور بە تایبەت ئەوانەی وزەیەکی زۆریان پێویستە بۆ هەرسکردن. ئەوەی کە پزیشکان ڕێگەیان پێداوە بخورێت خواردنی پارچەیەکی بچووک شۆکلاتە یان خواردنی کوپێک شیر. چەند پارچەیەک کێک یان بسکیت پێش خەوتن بۆ ڕێککردنەوەی پەستانی خوێن و ئاسانکردنی پرۆسەی خەوتن. بە مەرجێک بڕەکەی کەم بێت و نەشکرێت بە عادەت پێش خەوتن، ئەوەش پێچەوانەی خواردنەوە کحولییەکانە لە کاریگەری خەراپ لە سەر مرۆڤ جێدەهێڵێت.
لێرەدا ئاماژە بە 20 ڕێکاریش بۆ هەبوونی خەوێکی ئارام و تەندرووست دەدرێت:
1 – تا چەند کاتژمێر پێش خەوتن کۆتایی بە ئیش و چالاکییەکانی ڕۆژانەتان بێنن و لە کاتی خەوتن سەرجەم ئەوانەش لە بیر بکەن.
2 – پێش ئەوەی کە کاتی خەوتنتان بگات هەوڵ بدەن خۆتان بەو کارانەوە سەرقاڵ بکەن کە مێشکتان ئارام دەکاتەوە و ئێوە لە کێشە و سەرقاڵییەکانی ڕۆژانە دوور دەکاتەوە.
3 – هەوڵ بدەن یەک یان دوو کاتژمێر پێش خەوتن کەڵک لە وەرزشی سادەی وەک پیاسەکردن وەربگرن.
4 – دەبێت کاتێکی دیاریکراوتان بۆ خەوتن هەبێت.
5 – خەوی ڕۆژانە تەنانەت کورتیش بێت لە بیر بکەن.
6 – ڕۆژانە لانیکەم 20 خولەک وەرزش بکەن، لە بەر ئەوەی کە وەرزشکردن مێشک ئارام دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەستێکی باشترتان هەبێت.
7 – لەو کاتانەی کە لە خەوتن نزیک دەبنەوە خۆتان لەو بابەتانەی کە ئازارتان دەدات و سترێس بە ئێوە دەگەێنێت، بە دوور بگرن.
8 – لانیکەم دوو کاتژمێر پێش خەوتن جگەرە بەکار نەهێنن.
9 – ئەگەر پێش خەوتن کتێب دەخوێننەوە، ئەو کتێبانە بخوێننەوە کە پێویستی بە لێکدانەوە و شرۆڤە نەبێت و مێشکی ئێوە بە خۆوە سەرقاڵ نەکات.
10 – کاتی خەوتن هەوڵ بدەن کەشی ماڵ و بە دیاریکراوی ژوورەکەتان بێدەنگ و ئارام بێت و مۆبایل و تەلەفوونەکان دابخەن.
11 – پێش خەوتن لە بینینی ئەو فیلمانەی کە تووشی سترێس و نیگەرانیتان دەکات دوور بکەونەوە.
12 – شوێنی خەوتنەکەتان دەبێت نەرم و ڕاحەت بێت، شوێنەکەتان بچووک و باریک نەبێت، ئەو بەتانییەی کە بەکاری دێنن بە جۆرێک نەبێت کە پیس یان شتێکی وەها بێت ئێوە بە خۆوە سەرقاڵ بکات.
13 – قاوە یان خواردنەوە گەرم و شیرینەکان بەکار نەهێنن.
14 – خواردنی سێوێک یان کوپێک چای بابونە پێش خەوتن دەتوانێت هەستێکی ئارامکەرەوە بە ئێوە ببەخشێت و لە سەر خەوتن کاریگەری هەبێت.
15 – سەرینێکی باش بۆ خەوتن بەکار بێنن.
16 – خەوتن لە ژوورێکی بە تەواو تاریک زۆر باشترە و سیستەمی جەستەیی ئێوە باشتر دەتوانێت پشوو وەربگرێت، ئەگەر عادەتی ئەوەتان هەیە کە ڕووناکی لە ژوورەکەتانەوە هەبێت با ڕووناکییەکەی کەم بێت.
17 – ئێواران لە خواردنی قورس و چەور خۆتان بە دوور بگرن، هەروەها نابێت ڕێژەی خوێ لە خواردنەکەدا زۆر بێت.
18 – بەکارهێنانی ڤیتامینەکانی گرووپی B یارمەتیدەری خەوێکی باش و ئارام دەبێت.
19 – بەکارهێنانی جۆرەکانی سەوزە لە ژەمی ئێواران کاریگەریی لە خەوێکی باشدا هەیە.
20 – بەکارهێنانی ئەو خواردنانەی کە کەلسیۆم و پرۆتینیان هەیە لە ژەمە خۆراکی ئێواراندا بێت باشترە./.