بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەواد کەریمی ڕاوێژکاری بازرگانی کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە وتووێژی لە گەڵ ماڵپەڕی گوڵان، جەختیکردەوە کە هەوڵ دەدرێت ئاستەنگ و کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
خوێندنەوەی ئێوە وەک دیپلۆماتکارێکی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران چییە؟
پێشەکی دەمەوێت باسێکی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بکەم کە لە سەر بنەمایەکی پتەو و هەمیشەیی بونیاد نراوە، پەیوەندییەک کە لە سەر بنەمای بەهێزی جوگرافی، زمان، کەلتور و کۆمەڵایەتی درووست بووە، لە مێژە کە مامەڵە و ئاڵوگۆڕ لە نێوان خەڵکی ئێران و عێراق هەبووە و بەردەوامیشە، وێڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەباتی خەڵکی کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس و دیکتاتۆریەتی سەدام پاڵپشتیی لە خەڵکی کورد کرد و لە پاش ڕووخانی ئەو ڕژێمەش پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە، بە تایبەت لە شەڕی دژ بە داعش، لە ئێستاشدا پەیوەندییەکانی هەر دوو لا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی دۆستایەتی و دراوسێبوون.
سەبارەت بە پرسیارەکە و سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی هەرێم بۆ تاران، نێچیرڤان بارزانی وەک بەرزترین پلەی سیاسی هەرێم لە ئێران پێشوازی کرا، ئەو پێشوازییەش کە لە شاندەکەی هەرێم کرا و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی تاران، پیشاندەری ئیرادە و خواستی بەرپرسانی باڵای هەر دوو لایە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکان. ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و بە گشتی پەیوەندییە ئابورییەکانی هەر دوو لاش لە ئاتسێکی باشدایە و دەرفەتە جۆراوجۆرەکان وایکردووە کە بە ئاسانی ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ئابورییەکان دوو هێندەی ئێستا زیاد بکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران تا چەندە لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان گرنگیی هەیە؟
لە ئێستادا پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان کاریگەرترن هۆکارن بۆ پێشکەوتن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە تایبەت لە بواری سیاسی و دەتوانێت بەهێزکردن و بەرفراوانترکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان هەر دوو لای بە دواوە بێت. خۆشبەختانە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ئێران و چالاکوانانی ئابوری هەرێمی کوردستان لە گەڵ تواناکانی یەکتر ئاشنان و لە پێشانگاکانی بازرگانی و پیشەیی کە لە زەمەنە جیاجیاکانی ساڵدا ساز دراوە و لە ئێران و هەرێم نمایشی کاڵا و بەرهەم و تواناکانی خۆیان کردووە، بەشدارییەکی کارایان هەبووە، پێویستە کار بکرێت لە پێناو چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گیر و گرفتەکان تا بەرهەم و ئەنجامی ئەو سەردانە و سەرجەم پەیوەندییەکان زیاتر بۆ هەر دوو لا ڕەنگ بداتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا چی بە پێویست دەزانن؟
بۆ پتەوکردن و بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان هەردەم گرفت و کەموکورتی یان ئاستەنگی جۆراوجۆر بوونی هەیە، گرنگ ئەوەیە کە ئابوریناسان و شارەزایان کار بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگ و گرفتانە بکەن، بۆ نموونە لە بواری نەبوونی بیمە و مامەڵەی بانکی و کۆنتڕۆڵکردنی کوالیتی و ستانداردی کاڵا و شمەک و گەرەنتی و کڕین و گواستنەوەی ڕاستەوخۆ و ئاسانکاری هاتووچۆ و گواستنەوەی سەر سنور.
یەکێک لەو تەوەرە گرنگانەی لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران تاوتوێ کرا، پرسی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بووە، ڕۆڵی تاران لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق چییە؟
کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی دۆستانەی هەبێت و ناکۆکی و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێت و لەم بوارەدا هەوڵی زۆری داوە، خۆشبەختانە پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند درووست بووە، هەروەها حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و شێعەکان پەیوەندییەکی دۆستانەیان هەیە، هیوادارین لە سەر بنەمای ئەو پەیوەندییانە لەم دۆخەشدا بتوانن گرنگی بە ڕێکەوتنەکانی ڕابردوو بدەن و بۆ سەقامگیری و یەکپارچەیی عێراق هاوکاری پێویست دەستەبەر بکەن، ئاسایش و سەقامگیری عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بابەتێکی گرنگە، بە تایبەت کە سنورێکی هاوبەشی بەرفراوانیان هەیە و بەردەوام لە ڕێگای پاراستنی ئەو سەقامگیرییەدا ئێران هەوڵی داوە.
هەر کات پێویست بووبێت گەلی ئێران لە گەڵ گەل و نەتەوەکانی عێراق بووە و ئەمەش لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی سەلمێندراوە و لە سەر ئەم بنەمایە کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێز و کاریگەری هەبووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش هەوڵی بەهێزکردن و بەرفراوانترکردنی دراوە./.