بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن لە کۆبوونەوەی لە گەڵ فەیسەڵ بن فەرحان جەختی لە سەر پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و هەماهەنگی هاوبەش سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان کردەوە.
دیار نییە کە ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق چ بووە بەڵام بەغدا و ڕیاز لە چەند مانگی ڕابردوو لە پێناو بەرفراوانترکردنی هاوکارییەکان بە تایبەت لە بواری کارەبا و وزە و هەروەها نێوەندگێڕی وتووێژەکانی ئێران و سعوودیە بەردەوام ڕاوێژیان پێکەوە هەبووە.
شارەزایانی کاروباری سیاسی دەڵێن کە ڕەنگە سەردانەکەی فۆئاد حوسێن هاوشێوەی سەردانەکەی بۆ تورکیا بە ئامانجی بانگهێشتکردنی بەرپرسانی باڵای سعوودیە بۆ کۆنفرانسە چاوەڕوانکراوەکەی بەغدا بێت.
حکومەتی عێراق چاوەڕوان دەکات بەدەر لە وڵاتانی دراوسێ، هەر یەک لە ئیمارات، قەتەر و میسریش بەشداری لەو کۆنفرانسەدا بکەن./.