بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران لە گەڵ محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتە کۆبووە.
قاڵیباف لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە پەیوەندی برایانەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق بە گشتی، وتی: گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری لە بەرژەوەندی گەلانی هەر دوو لایە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: بە پێی دەفرایەتییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق بە تایبەت لە گەڵ هەرێمی کوردستان و بوونی سنورێکی بەرفراوانی هاوبەش، پێویست دەکات بە دابینکردنی ژێرخانەکان، ڕێگاکانی گواستنەوە، پەرەپێدانی بازاڕچە سنورییەکان و ئاسانکاری بۆ بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری، بەستێنی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابورییەکان، بژێوی ژیانی دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان باشتر بکرێت.
ناوبراو وتی: بە پێی خواست و ئیرادەی هەر دوو لا بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی، جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان ئێران، هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانێت بەستێنی پێویست بۆ جوڵەی ئابوری دابین بکات.
نێچیرڤان بارزانی:
گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەین
سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەو کۆبوونەوەدا وتی: ئێمە بەردەوام ستایشی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان کردووە لە قۆناغە جیاجیاکان، چ لە سەردەمی سەدام و چ لە ساڵانی شەڕی داعش و پاش ئەوەش.
ناوبراو وتی: ئێمە گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەین و بەردەوام پاڵپشتی لە گەشە و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەکەین.
بارزانی وتی: ئاسانکاری بۆ بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری بە تایبەت لە ناوچە سنورییەکان دەتوانێت وێڕای دابینکردنی هەلی کار، کێشەکانی وەک بەقاچاخبردنی کاڵا، بێکاری و ناسەقامگیری لە ناو ببات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا وتووێژ و دانوستانی بەردەوام لە نێوان بەرپرسانی هەر دوو لای بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە پێویست و کاریگەر ناو برد./.