بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پسپۆڕانی بواری تەندرووستی لە ئێران وەڵای ئەو پرسیارانەیان داوەتەوە.
ئایا ئەوەی کە پێشتر تووشی کۆرۆنا بووە دەتوانێت ڤاکسێنەکەی بەکار بێنێت؟
دەبێت بزانین کە ئەگەر نەخۆشییەکە وا نەبووە کە نەخۆش پێویستی بە مانەوە لە نەخۆشخانە بێت و لە کەرەنتین نەمابێتەوە و نیشانەکانی وەک تا، کۆکە، هەناسەتەنگی و … لەودا نەمابێت، لانیکەم 10 ڕۆژ لە پاش پشکنین و توشبوونی بەو نەخۆشییە دەتوانێت پێکوتەی بۆ بەکار بێت.
لە هەمان کاتدا ئەگەر نەخۆشییەکەی مەترسی هەبووە و کەوتووەتە نەخۆشخانە، لە کاتی پێدانی ڤاکسێنی کۆرۆنا باشترە سەردانی پزیشک بکات. بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانە دەتوانێت تا شەش مانگ دوا بکەوێت.
ئایا ئەوانەی کە بە شێوازی مەترسیدار تووشی کۆرۆنا بوون دەتوانن ڤاکسێنەکەی بەکار بێنن؟
سەبارەت بەو کەسانەی کە بە شێوازێکی مەترسیدار تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، سەرەتا دەبێت پشکنینی PCR بۆ ئەوان بکرێت، ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی بێت ناکرێت ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ ئەوان بەکار بێت، ئەگەر ئەنجامەکەش نەرێنی بێت پێویستە بۆ ماوەی 7 تا 14 ڕۆژ لە ڕووی هەبوونی نیشانەکانی پەتای کۆرۆناوە چاودێری بکرێن، ئەگەر نیشانەکان لەو ماوەیە لەواندا دەرنەکەوت، دەتوانن ڤاکسێن بەکار بێنن.
ئایا ئەوانەی کە لە پاش بەکارهێنانی ژەمی یەکەم تووشی کۆرۆنا دەبن دەتوانن ژەمی دووەمی ڤاکسێنەکە بەکار بێنن؟
پێویستە ئەوە بوترێت کە کوتانی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە هیچ شێوازێک نابێتە هۆی توشبوونی خەڵک بەو نەخۆشییە. بە پێی ئەوەی کە چەندین هەفتە لە پاش بەکارهێنانی ژەمی یەکەم بەرگری جەستە لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستەبەر دەبێت ڕەنگە لە ڕۆژانی سەرەتایی پاش ژەمی یەکەم، کەسەکە تووشی پەتای کۆرۆنا بێت. لە وەها حاڵەتێکدا تەنیا لە ئەگەری نەمانی نیشانەکانی توشبوون بە کۆرۆنا و نەمانی لە کەرەنتیندا دەتوانێت ژەمی دووەم بەکار بێنێت./.