بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شیری دایک دەتوانێت بەستێنی ڕێگری لە توشبوونی کۆرپەلە بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دابین بکات. لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی هانی سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوەکان و بەرپرسانی کەرتی تەندرووستی وڵاتانی داوە کە هەوڵەکانیان بەکار بێنن تا لەم دۆخەدا تەندرووستی دایکان بۆ پێدانی شیری خۆیان بە کۆرپەلەکانیان دابین بکرێت.
ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی ئەمساڵ بە هاوکاری سندۆقی منداڵانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە درووشمی ” پێدانی شیری دایک بەرپرسیاریەتی هەمووانە ” گرنگی تایبەتی بەم بابەتە داوە.
لەم پێناوەدا، دکتۆر عەلیڕەزا دانشگەری سەبارەت بە گرنگی پێدانی شیری دایک بە کۆرپەلەکان بە تایبەت بەوانەی تووشی شێرپەنجە بوون، وتی: بە پێی ئەوەی کە خواردنی شیری دایک بەراورد بە شیری وشک مەترسی توشبوونی کۆرپەلەکان بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە، ئێمە هانی دایکان دەدەین زیاتر گرنگی بە تەندرووستی کۆرپەلەکانی خۆیان بدەن و شیری خۆیان بەوان بدەن، لە بەر ئەوەی کە پێکهاتەیەکی تەندرووستی هەیە و سیستەمی بەرگری جەستەیان بەهێزتر دەکات.
ڕێگری لە توشبوونی ساڵانە 20 هەزار ژن بە شێرپەنجەی مەمک
ناوبراو وتی: شیری دایک باشترین سەرچاوەی خۆراکە بۆ کۆرپەلەکان و منداڵانی کەم تەمەن و ستراتیژێکی ڕزگاریبەخشە لە ژیاندا کە لەو ڕێگایەوە کۆرپەلەکان لە بەرامبەر چەندین نەخۆشی پارێزراو دەبن. لە لایەکی دیکەوە ئەوەش سەلمێندراوە کە ئەو کۆرپەلانەی کە شیری دایکیان پێ دەدرێت ئاستی ووشیارییان زیاترە، کەمتر قەڵەو دەبن یان کێشی زیادەیان دەبێت و لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانیشدا مەترسی ئەوەیان لە سەر نییە کە تووشی هەندێک نەخۆشی بن. بەکارهێنانی شیری دایک دەتوانێت ساڵانە گیانی 820 کۆرپەلە لە جیهاندا ڕزگار بکات و هەروەها ساڵانە دەتوانێت ڕێگری لە توشبوونی 20 هەزار ژن بە شێرپەنجەی مەمک بکات.
دکتۆر دانشگەری وتی: ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک لە سەر ئەمانە نییە بەڵام بۆچوونە پزیشکییەکان باس لەوە دەکەن کە شیری دایک بە هۆی کاریگەریی لە سەر کەمکردنەوەی ڕێژەی هەوکردنەکان، باشترکردنی کرداری هەرس و سیستەمی بەرگری جەستە، باشترین هەڵبژاردەیە بۆ کۆرپەلەکان و گرنگی ئەمەش تا ئەو ئاستەیە کە پزیشکان تەنانەت لە خەراپترین دۆخی جەستەیی دایکاندا ئامۆژگاری دەکەن کە شیر بە کۆرپەلەکانی خۆیان بدەن.
ناوبراو وتی: پێدانی شیری دایک بە کۆرپەلەکان لە ساڵانی سەرەتایی ژیانی ئەواندا کاریگەری زۆری هەیە و وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن بە پێدانی ڕێنمایی بە خێزانەکان ڕێگری لە توشبوونی منداڵان بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بکەن./.