بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم حوسێن وەزیری ڕۆشنبیری، ئاسەوارە مێژووییەکان و گەشتیاریی عێراق ڕایگەیاند کە گەڕانەوەی پارچە ئاسەوارە مێژووییەکان، گەورەترین کۆمەڵە ئاسەوارێکە کە تا ئێستا لە ئەمریکا وەرگیراونەتەوە.
فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش ڕایگەیاند کە ئەمە گەورەترین کۆمەڵە ئاسەوارێکە کە وەزارەتی دەرەوە پاش گەڕانەوەیان ڕادەستی وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە.
بە وتەی ناوبراو، لە ساڵی 2016 تا ئێستا لە پێنج قۆناغدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاسەوار و بەڵگە مێژووییە دزراوەکانی گەڕاندووەتەوە و ڕادەستی وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە.
پێشتریش وەزیری ڕۆشنبیری عێراق ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی تا ئێستا 5 هەزار پارچە ئاسەواری مێژوویی لە ئەمریکاوە گەڕاندووەتەوە کە پەیوەندییان بە ساڵانی 2003 تا 2011 واتە سەردەمی داگیرکارییەوە هەیە.
ڕاشیگەیاندبوو کە وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ گەڕانەوەی 11 هەزار پارچە ئاسەواری مێژوویی پلانی پێویست دادەڕێژێت و بەشێک لەوانەش لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن هەڵدەگیرێت.
ئاسەوارە گەڕێندراوەکانی عێراق لە ئەمریکاوە ئەمجارە بە وتەی بەرپرسانی حکومەتی بەغدا 17 هەزار پارچە بووە کە تەنیا لە لایەن ئەمریکاوە نەدزراوە بەڵام ئەو وڵاتە پشکی زیاتری لە دزینی میراتی کەلتوری و مێژوویی گەلی عێراقدا هەبووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە 17 هەزار و 321 پارچە لە ئاسەوارە دزراوەکانی عێراق لە وڵاتانی ئەمریکا، ژاپۆن، هۆڵەندا و ئیتالیا گەڕێندراوەتەوە.
وەزیری ڕۆشنبیری عێراقیش ڕایگەیاندووە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو ئاسەوارانە لە ئەمریکا بووە.
یەکێک لە گرنگترین ئاسەوارەکان کە بۆ عێراق گەڕاوەتەوە، بەردەنووسێکە بە مێژوویەکی 3500 ساڵە و بەشێک لە حەماسەتی گیلگامیش دەگێڕێتەوە.
لە میانەی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵانی 2003 تا 2011 تەنیا لە مۆزەخانەی عێراق 15 هەزار پارچە ئاسەواری مێژوویی و لە 12 هەزار ناوچەی مێژوویی لەم وڵاتە، زیاتر لە 32 هەزار پارچە ئاسەوار دزراوە.
بەشێکی زۆری ئاسەوارە مێژووییەکانی عێراق لە ساڵانی شەڕی داعش لە 2014 تا 2017 لەناو براوە.
هیلاری کلینتۆن وەزیری ئەو کاتەی دەرەوە و دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە وڵاتەکەیان دامەزرێنەری گرووپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.
عەباس جابر موسەوی یەکێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی عێراقی لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە کە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 17 هەزار ئاسەواری مێژوویی ئەم وڵاتە هەنگاوێکی گرنگە بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە کێ لێپێچینەوە لە دزەکان و هۆکارەکانی دزینی ئەو میراتە گرنگەی عێراق دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بە قاچاخبردنی ئاسەوارە مێژووییەکان تاوانێکی نێودەوڵەتییە کە لە سەرجەم یاساکان سزای بۆ دیاری کراوە.
ئەمریکا وەک تاوانەکانی دیکەی تا ئێستا سەبارەت بە دزینی میراتی کەلتوری و مێژوویی عێراق بێدەنگ بووە و قەد داوای لێبوردنی نەکردووە و تەنانەت دزەکانیشی بە حکومەتی بەغدا نەناساندووە./.