بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی ئێس پی گلۆباڵ پلەتس لە ڕاپۆرتێکدا پرسی گەڕانەوەی پێگەی ئێرانی لە بازاڕی جیهانی نەوت شرۆڤە کردووە و ڕایگەیاندووە کە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەلومەرجێکدا لە ئێران دەستی بەکارەکانی کردووە کە ئەم وڵاتە دەرفەتێکی ئەوتۆی بۆ گەڕانەوەی پێگەی جارانی خۆی لە بازاڕی جیهانی نەوت لە بەردەمدا نییە.
زیاتر لە 6 هەفتە بە سەر ڕاگرتنی دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی تێپەڕ دەبێت، دواکەوتنی زیاتر لە بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆکان ئێران ڕوبەڕوی بازاڕێک دەکاتەوە کە کێبڕکێ تێیدا دەگاتە لوتکە، لە بەر ئەوەی کە ئۆپێک، ڕووسیا و ئەندامانی دیکە لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس دەیانەوێت مانگانە 400 هەزار بەرمیل تا کۆتایی ساڵی 2022 لە وەبەرهێنانی نەوتی خۆیان زیاد بکەن.
ئەگەر ئێران بتوانێت لە گەڵ ڕۆژئاوا بگاتە ڕێکەوتن و سزاکانی ئەمریکا هەڵبگیرێت، پێویستە لە گەڵ کڕیارانی پێشووی نەوتی خۆی بکەوێتە دانوستانەوە یان بۆ ڕاکێشانی کڕیاریاران بیر لە داشکاندنی زیاتر لە نرخەکاندا بکات.
کاتێک نەوتی ئێران لە بەردەست نەبوو، کڕیارەکانی ئەم وڵاتە جێگرەوەیان بۆ ئەو نەوتە دۆزیوەتەوە. وەبەرهێنانی نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئەم ڕێکخراوە شوێنی ئێرانیان لە بازاڕی نەوتدا پڕ کردووەتەوە. پێدەچێت سەردەمی دۆزینەوەی ئاسانی بازاڕی نەوت بۆ نەوتی ئێران کۆتایی هاتبێت.
ئێران زیاتر نەوتی خاوی قورس و مامناوەند بەرهەم دێنێت کە ڕکابەرێکە بۆ نەوتی سعوودیە، عێراق، ڕووسیا، ئیمارات، کوێت، ڤەنزولیا و وڵاتانی دیکە.
بە پێی ڕێکەوتنی ئۆپێک پڵەس، ئێران لە دابەزاندنی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت بەخشراوە بەڵام هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە زیانی زۆری پێگەیشتووە.
وەبەرهێنانی نەوتی خاوی ئێران 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا لە سەرەتای مانگی نیسان بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا کە وەبەرهێنانی ئۆپێک پڵەس نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانە زیادی کردووە.
بە پێی لێدوانی مستەفا نەخعی وتەبێژی لێژنەی وزە لە پەرلەمانی ئێران، گەڕانەوەی پشکی ئەم وڵاتە لە بازاڕی جیهانی نەوت پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی و سیاسەتێکی وشیارانە هەیە. ئێران دەبێت پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەندامانی ئۆپێک و کڕیارانی پێشووی بەهێزتر بکات و بازاڕ و کڕیاری نوێش بدۆزێتەوە./.