بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە فەرمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی ئۆکتۆبەری عێراقی دەستپێکرد و جەختیکردەوە کە هێزی سەربازیی بێگانە لەم وڵاتە دەردەکرێن.
درووشمی هاوپەیمانی فەتح بۆ هەڵبژاردنەکان بەریتییە لە: پاڵپشتی لە عێراق دەکەین و بونیادی دەنێینەوە.
عەباس زامڵی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی فەتح ڕەنگە بتوانێت زیاتر لە 56 کورسی پەرلەمانی بە دەست بێنێت و چاوی بڕیوەتە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقیش.
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری بە بۆنەی دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان وتی کە ئێمە درێژە بە ڕۆڵی خۆمان بۆ پاڵپشتیکردن لە عێراق و خەڵکەکەی و هاوکاری لە گەڵ هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی مافی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەدەین.
ناوبراو وتی کە هاوپەیمانی فەتح کێشەکانی کەرتی تەندرووستی و پەروەردەی عێراق چارەسەر دەکات و هەوڵ دەدات بەرنامەکانی لە پێناو ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی دەست پێبکات.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وتی کە ئێمە لە شەڕی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعس و وەڵامی فەتواکەی مەرجەعیەتی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەوەمان سەلماند کە پارێزەر و پاڵپشتی ئەم خاک و نیشتمانەین.
عامری هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی بە تەنیا بژاردە و دەرفەتی مسۆگەربوونی داواکارییەکانی خەڵک ناو برد و وتی کە ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە، باشترە لەو بڕیارە پاشگەز ببنەوە./.