بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مامۆستا قادر قادری لە وتاری هەینی پاوە ڕایگەیاند کە هەورامان مەڵبەندی ئەدەب، کەلتور، ئەخلاق، هونەر، زانست، عێرفان، ئائین و تەندرووستییە و تۆمارکردنی لە سەر ئاستی جیهانی بە هەنگاوێکی گەورە و پڕبایەخ دادەنرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ناوچەی هەورامان لە ڕووی گەشتیارییەوە بە جەمسەرێکی دەوڵەمەند دادەنرێت، وتی: تۆمارکردنی ناوچەی هەورامان لە سەر ئاستی جیهانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەنرێت بەڵام پێویستە بەرپرسان بۆ پاراستنی پیرۆزییەکانی ئەم ناوچەیە، بۆ گەشەپێدانی لە ڕووی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵاتیشەوە پلانی تایبەتیان هەبێت.
وتارخوێنی هەینی پاوە دەستخۆشیی لە سەرجەم ئەو کەسانە کرد کە ڕۆڵیان لەم دەسکەوتەدا هەبووە و وتی: گەشەی ڕۆشنبیری، پاراستنی ئاسەوارە تۆمارکراوەکان، دابینکردنی بودجە و گەشەی هەمەلایەنە لە ڕیزی ئەرک و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوی یۆنسکۆیە کە هیوادارین بە تۆمارکردنی جیهانیی هەورامان ئەم خاڵانەش لە ناوچەکەی ئێمە مسۆگەر ببێت./.