بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەیڤید ئیگناتیۆس لە نووسراوێکدا قەیرانی ئابوری و گەندەڵیی لە عێراقدا تاوتوێ کردووە. لەو نووسراوەدا هاتووە:
دژوارترین کاری بەردەم مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، زیاتر لە پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ڕێگری لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی، بەهێزکردنەوەی عێراقە وەک وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە. ئەو خۆپێشاندەرانەی کە پاڵپشتییان لە مستەفا کازمی کرد ئەمەیان بە دیاریکراوی لە ناوبراو دەوێت و ئەگەرچی بەرەوپێشچوونی بەرچاو لەم بوارەدا ڕووی نەداوە بەڵام چەند دەسکەوتێکی هەبووە کە دەتوانێت خاڵێکی وەرچەرخان و دەسپێکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە حکومەتی عێراقدا بێت.
گەندەڵی لە عێراقدا بووەتە دیاردە و سەرجەم بوارە سیاسی و بازرگانییەکانی ئەم وڵاتەی تەنیوە. وەڵامی کازمی بۆ ئەم دیاردەیە، پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە سەرۆکایەتی ژنڕاڵ ئەحمەد ئەبو ڕەغیف بووە کە لە گەڵ ئەندامانی لێژنەکە لە بواری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان و هەروەها لە گەڵ نوێنەرانی دەزگای داد هاوکاری دەکات. کازمی هەروەها ئەو ژنڕاڵەی وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆ دەستنیشان کردووە و ئەمەش وایکردووە کە دەستی بە زانیارییەکان بگات تا لە بوارەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یارمەتیدەری بێت.
یەکێک لە دۆسیە گەورەکان لەم بوارەدا، گەندەڵییە لە سیستەمی خانەنشینی عێراق کە مانگانە 2 ملیار دۆلار پارەی بۆ تەرخان دەکرێت. لێژنەکەی ئەبو ڕەغیف بەم دواییانە لە دۆسیەی دادگاییکردنی بەڵێندەرێکدا کە لە کارتی دارایی نیشتمانی خانەنشینەکان ناسراو بە کەی کارت گەندەڵیی کردبوو و هەروەها لە دۆسیەی بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی کە بەشێک لەم گەندەڵییە بووە، سەرکەوتوو بووە. بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاندووە کە ئەم گەندەڵییە ڕەنگە دە ساڵە بەردەوام بووبێت و بە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینەکان و سەرمایەگوزاری مانگانە 2 ملیار دۆلار، لە ماوەیەکی کەمدا 4 ملیار دۆلار سوودی کردووە. لە لێکۆڵینەوەکاندا نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار و وەهمی و خانەنشین ئاشکرا کران.
کەرتی وەبەرهێنان و کارەبای عێراق یەکێکی دیکە لەو بەشانەیە کە گەندەڵییەکی زۆری تێدا دەبینرێت. لێژنەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لێکۆڵینەوەی لە جێگری پێشووی وەزیری کارەبا کرد، سەرەڕای ئەوەی کە وەک ڕاوێژکاری مستەفا کازمی چالاکیی دەکرد، هەروەها بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی کارەبای بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل سزادا.
لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەروەها لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە یەکێک لە قایمقامەکانی پێشووی موسڵ دادگایی بکات. بە پێی هەندێک ڕاپۆرت، ئەو کەسە لە دزینی 64 ملیۆن دۆلار تێوەگلاوە کە بە وتەی بەرپرسێکی ئەمنی، بەشێک لەو پارەیە بۆ کاروباری ئاوارەکان بووە.
یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی عێراق بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، پرۆژەکانی کەرتی وزەیە. ئێحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل وەزیری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە پرۆژە گازییەکانی ئەم وڵاتە دەستیپێکردووە و لەو پرۆژانەشدا کۆتایی بە سووتاندنی گازی کێڵگە نەوتییەکانی باشوری عێراق تا ساڵی 2024 دەهێندرێت و تا ساڵی 2025 پرۆسەی بەهەدەردانی گاز لە سەرتاسەری وڵات کۆتایی دێت. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە عێراق تا ئەو کاتە بە ڕادەیەکی زۆر پێویستی بە هاوردەکردنی گاز نابێت، بەدەر لەو کاتانەی کە بە هۆی بەکارهێنانی کارەبای زیاتر، پێویست بە هاوردەی گاز دەکات.
کێشەیەکی گەورەی دیکەی عێراق ئەوەیە کە بە پێشکەوتنەکانی جیهان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی وزەی وەک نەوت، خواست لە سەر هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتەش کەم دەبێتەوە. وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە عێراق سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستێکە بۆ وەبەرهێنانی حەوت گیگاوات کارەبا لە وزەی خۆر کە یارمەتیدەری ئەو کەموکوڕییەی ساڵانە بێت کە لە نێوان ڕێژەی وەبەرهێنان و ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبای عێراق دەبینرێت.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە چی شوێنی هەناردەی نەوتی عێراق لە بودجەدا دەگرێتەوە؟ بە وتەی وەزیری نەوت، داهاتی ساڵانەی نەوتی عێراق دەگاتە نزیکەی 33 ملیار دۆلار کە لە سەدا 85 ی داهاتی حکومەت بە گشتی دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت کە ئەم هەلومەرجە تا ساڵی 2035 بگۆڕدرێت و ئەگەر عێراق تا ئەو کاتە هەناردەیەکی نوێی بۆ جێگرەوەی نەوت نەبێت، ڕوبەڕوی قەیرانێکی نوێ و جیدی دەبێتەوە.
وەزیری دارایی عێراق: کەس گۆچانی سیحراویی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە
عەلی عەلاوی، تەمەن 73 ساڵە، وەزیری دارایی حکومەتی عێراقە. ناوبراو کە مامۆستای پێشووی زانکۆی ئاکسفۆرد بووە، لە کاتی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدام لە ساڵی 2003، لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا بەشداریی کردووە. ئەو هەروەها خاوەنی کتێبێکە بە ناوی ” داگیرکردنی عێراق: سەرکەوتن لە شەڕ، شکست لە دابینکردنی ئاشتی ” کە لە لایەن ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز وەک گرنگترین کتێبی ئەو سەردەمە ناو براوە. عەلاوی ئێستا وەک وەزیری دارایی حکومەتەکەی مستەفا کازمی ڕوبەڕوی کێشەی بونیادنانەوەی کەرتی دارایی عێراق بووەتەوە.
عەلاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی مەنسور، سەبارەت بە کێشە و قەیرانەکانی بەردەم، بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ” پێم وا نییە کە هیچ گۆچانێکی سیحراوی هەبێت و بتوانێت سەرجەم کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات “. ئەو ڕاپۆرتێکی 600 لاپەڕەیی وەک پێشنیارەکانی بۆ چاکسازی ئامادە کردووە و لە ئێستادا تەنیا لێژنەیەکی بەکارهێناوە کە لە تیۆریدا، لە ڕاوێژکارانی بیانی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە سەر ئاستی حکومەت کەڵک وەردەگرن.
عەلاوی بە دابەزاندنی لە سەدا 25 ی بەهای دینار، ڕێگریی لەوە کرد کە یەدەکە داراییەکانی عێراق لە کاتی دابەزینی بەرچاوی نرخی جیهانی نەوت بەرەو لەناوچوون بڕوات، بەڵام هەندێک ڕێوشوێنی پێشووی حکومەت بە تەواوی نیگەرانی کردووە. عەلاوی ئاماژە بەو پارەیە دەدات کە حکومەت ساڵانە لە بواری کارەبادا خەرجی دەکات و دەگاتە 20 ملیار دۆلار و دەڵێت کە میکانیزمەکانی حکومەت دەبێت بەشێک لە چاکسازییەکان بێت.
وەزیری دارایی عێراق هەروەها دەڵێت کە کەرتی تایبەتی عێراق لاوازە و هیچ کات بیریان لە دابینکردنی دارایی نەکردووەتەوە، بەڵکوو تەنیا هەوڵیان داوە سەروەت و سامانی خۆیان زیاتر بکەن. ئەو ئاماژە بە پلانی درووستکردنی شارێکی نوێ بە ناوی بەسمای لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری بەغدا دەدات کە پرۆژەیەکی گەورە بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بووە و دیزاینەکەشی لە لایەن کۆمپانیایەکی کۆریای باشورەوە کراوە، کێشەکە ئەوە بووە کە عێراقییەکان نەیاندەتوانی تێچووی 200 هەزار دۆلاریی خانووە حکومییەکان بدەن و زیاتر خانوویان بە نیوەی ئەو پارەیە دەکڕی. ئەنجامەکەش تەنیا بە فیڕۆچوونی بودجەی گشتی بووە.
عەلاوی هەروەها دەیەوێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەی چاکسازییەکان بەردەوام بێت و هیوادارە حکومەتی پاش هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2021، بتوانێت بە ئەنجامی بگەێنێت. ئەگەرچی حکومەتەکەی مستەفا کازمی ڕێگایەکی دوور و درێژەی لە پێشە بەڵام لانیکەم دەسپێکی باشی هەبووە./.