بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی شویگۆ وەزیری بەرگری ڕووسیا لە سەردانەکەیدا بۆ تاجیکستان وتی کە ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان ڕوبەڕوی شکست بوونەتەوە و دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ئەم وڵاتە بە سەرۆکایەتی ئەشرەف غەنیدا نییە.
ناوبراو وتی: نوێترین گۆڕانکارییەکان لە ناوچە سنورییەکانی ئەفغانستان و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم وڵاتە بەرەو تاجیکستان و ئۆزبەکستان پیشان دەدات کە ڕێکەوتنەکەی ئەمریکا و تاڵیبان جێبەجێ ناکرێت.
وەزیری بەرگری ڕووسیا بە ئاماژە بە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی زۆر لە ئەفغانستان لە لایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، وتی: دۆخی ئەفغانستان بەرەو خەراپتربوون دەڕوات و بە کردەوە دەبینین کە لە ژێر دەستی بەرپرسانی حکومەتدا نەماوە و تاڵیبان ناوچەیەکی زۆری ئەم وڵاتەی بە دەستەوە گرتووە.
شویگۆ وتی: یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکان بەهێزبوونی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەیە کە بووەتە هەڕەشەیەک لە سەر وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان./.