بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا وتی کە کۆبوونەوەکەی نێوان مستەفا کازمی و جۆبایدن پیشان دەدات کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵاتە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العراقیەدا وتی کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سەر داوای حکومەتی بەغدا لە ساڵی 2014 بووە.
تۆلەر وتی کە ئەمریکا پاڵپشتی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات، بە تایبەت کە چەند وڵاتێکی دراوسێ پاڵپشتییەکانی خۆیان لە عێراق ڕاگرتووە، بە هۆی ئەوەی کە تێبینی دەکەن بەغدا لە گەڵ ئێراندایە.
تۆلەر وتی کە هاندەری پەیوەندییەکی ئاسایی لە نێوان عێراق و ئێران دەبین و نامانەوێت کێشە بۆ پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە بخوڵقێنین./.