بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوهەیل شاهین ئەندامی شاندی دانوستانکار و وتەبێژی نووسینگەی سیاسی تاڵیبان لە قەتەر، وتی: تا کاتێک ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان واز لە پۆستەکەی نەهێنێت و حکومەتێکی نوێ لە ڕێگای دانوستانەوە پێک نەهێندرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستان دابین ناکرێت.
ناوبراو وتی: تاڵیبان نایەوێت بە تەنیا دەسەڵاتی ئەفغانستانی بە دەستەوە بێت و ئەگەر حکومەتێکی قبووڵکراوی سەرجەم لایەنەکان هەبێت، چەکەکانی دادەنێت.
شاهین سەرۆک کۆماری ئەفغانستانی بە شەڕەنگێزی تۆمەتبار کرد و وتی کە غەنی تەنانەت لە جەژنی قوربانیش باسی شەڕی دژ بە تاڵیبانی کردووە.
وتەبێژی تاڵیبان وتی: ئەزموونی حکومڕانی پێشوو لە ئەفغانستان سەرکەوتوو نەبووە و ئێمەش نامانەوێت هەڵەی ڕابردوو دووبارە بکەینەوە و بیر لە شێوازێکی نوێ بە بەشداری لایەنەکان دەکەینەوە.
شاهین سەبارەت بە شێوازی مامەڵەی تاڵیبان لە گەڵ خەڵکی ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان وتی: لە حکومەتی نوێ کە قبووڵکراوی لایەنەکانی ئەفغانستان بێت، ژنان مافی کارکردن، خوێندن و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە بەڵام بە مەرجێک حیجابیان هەبێت، ژنان بۆ چوونە دەرەوە لە ماڵ پێویستیان بەوە نییە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان لە گەڵ بێت و فەرماندەکانی تاڵیبان لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان موڵەتی ئەوەیان داوە کە زانکۆ و قوتابخانە و بازاڕەکان وەک ڕابردوو شوێنی چالاکی ژنانیش بێت.
ئەو بەرپرسەی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە گرووپەکەی ویستی کۆنتڕۆڵکردنی پایتەختی ئەفغانستانی نییە و لە ئێستادا پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی قەزاکانی دیکەشی ڕاگرتووە./.