بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەعقوبی لەیسی سەفاری یەکێک لە پاشاکانی ئێرانە کە لە پاش لاوازبوون و لەناوچوونی دەسەڵاتی ساسانییەکان، حکومەتی سەفارییەکانی لە ناوچەی سیستان دامەزراند.
ناوبراو لە گوندی قەڕنین لە سیستان چاوی بە ڕووی ئەم جیهانەدا هەڵهێنا. ناوی ئەو لە سەرەتادا ڕادمان کوڕی ماهەک بوو، باوکی ئیشی مسگەریی دەکرد و بەم هۆیەوە بنەماڵەکەی بە ناوی لەیسی سەفار دەناسران. تایبەتمەندییەکانی ناوبراو لە ڕووی کەسایەتییەوە بووە هۆی ئەوەی کە وەک فەرماندەی شەڕەکان دەستنیشانی بکەن.
یەکێک لە گەورە تایبەتمەندییەکانی ئەوە بووە کە بەردەوام پرس و ڕاوێژی دەکرد. لە کاتی دەسەڵاتدارێتی یەعقوبی لەیسی سەفاری، شاری زەڕەنج لە باشوری ئەفغانستان وەک پایتەختی ئێران بووە.
لە ئاکامدا لە ساڵی 265 ئەم کەسایەتییە گەورەی ئێران بە هۆی نەخۆشییەوە لە جوندی شاپور گیانی لە دەستدا.
مەزاری یەعقوبی لەیسی سەفاری کەوتووەتە دە کیلۆمەتری ڕێگای دزفوڵ بەرەو شوشتەر و لە گوندێک بە ناوی شائاباد یان شا ئەبولقاسمە لە پارێزگای خوزستانی ئێران.
بیناکە بۆ سەردەمی سەلجوقییەکان تا قاجاڕەکان دەگەڕێتەوە.
لە تەنیشت مەزارەکەی یەعقوبی لەیسی سەفاری، چەندین گۆڕستان هەیە کە پیشاندەری بوونی شاری جوندی شاپورە و مێژووی ناوچەکە دەردەخات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام ئەم بینایە نۆژەنکراوەتەوە.
یەعقوبی لەیسی سەفاری بە زیندووکەرەوەی زمانی فارسی دەناسرێت. کاتێک دەسەڵاتی ساسانییەکان بە تەواوی لاواز بوو، زمانی عەرەبی شوێنی زمانی فارسیی گرتەوە و بەرە بەرە ئەم زمانە لەبیر کرا. پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی ساسانییەکان، ئەو پاشایە کە لە پاش 200 ساڵ دیسانەوە زمانی فارسیی کردەوە زمانی فەرمی ئەو کاتەی ئێران، یەعقوبی لەیسی سەفاری بوو.
ناوبراو بە یەکەم ژنڕاڵی ئێرانی دادەنرێت کە لە پاش هاتنی ئیسلام لە پێناو یەکگرتنی گەلی ئێران هەوڵێکی زۆری دا. لە ساڵی 1365 ی کۆچی هەتاوی، پەیکەری یەعقوب لە لایەن ئەبولحەسەن سدیقی ناسراو بە باوکی پەیکەرتاشیی ئێران درووست کرا و لە دەروازەی شاری دزفوڵ دانراوە.
شێوازی درووستکردنی پەیکەرەکەش پیشاندەری شەڕێکی یەعقوبی لەیسە لە سەر ئەسپ. پەیکەرەکە بە یەکێک لە کارە دەگمەنەکانی پەیکەرتاشیی ئێران دادەنرێت.
وەک ئاماژە درا، ناوبراو بە هۆی ئاکاری بەرز و هەڵسووکەوتی شیاوی، وەک فەرماندەیی سوپای ئەو کاتەی ئێران دەستنیشان کرا، لە سەرجەم بڕیارەکانیدا ڕاوێژی بە کەسانی نزیک لە خۆی دەکرد. لە 24 کاتژمێردا 170 ڕێکعەت نوێژی دەکرد و بەردەوام سەدەقەی بە هەژاران دەدا. ئەو هیچ کات دەستپێکەری شەڕەکان نەبووە و ئەگەر لایەنی بەرامبەری پێداگریی لە سەر شەڕ دەکرد، ئەویش دەچووە گۆڕەپانی شەڕەکەوە.
لەو شەڕانەش کە لە سەردەمی فەرماندەیی و دەسەڵاتدارێتی یەعقوبی لەیسی سەفاری بەرۆکی ئێرانی گرتەوە، سەرکەوتنی زۆر بۆ ئێران تۆمار کرا، وەک شەڕی یەعقوب لە گەڵ عەماری بیانی، شەڕی لە گەڵ عەلەوییەکان، شەڕی لە گەڵ ساڵح بن حەجەر و هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی خوراسان./.