بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند: خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە سەرجەم بوارەکانی ئابوری، سیاسی، ڕۆشنبیری و نێودەوڵەتی، پەیوەندییەکی بەردەوام و زۆر باش لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەیە.
ڕۆحانی ئێران و تورکیای وەک دوو وڵاتی گەورە و بەهێزی ناوچەکە و جیهانی ئیسلام ناو برد و وتی: تاران و ئەنکەرە ڕۆڵی گرنگیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەدا هەیە و دەتوانن بە هاوکاری یارمەتیدەری چاەرسەرکردنی کێشەکان بن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر پێویستی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرە کردەوە و وتی: ئێران و تورکیا لە پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و هەروەها جیهانی ئیسلام، تێڕوانینێکی بەرپرسیارانەیان هەیە و هاوکارییەکانی ئەوان یارمەتیدەری چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە بووە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە گەل و حکومەتی ئێران کرد و وتی: ناوچەکە بە هەلومەرجێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و پێگەی ئێران وەک وڵاتێکی گرنگ دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی وەک سوریا، عێراق و ئەفغانستان یارمەتیدەر بێت./.