بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، وتی: ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی ئەمساڵ کە زیاتر لە ناوچە شێعەنشینەکانی عێراق بووە، نائاساییە و زیانی زۆر گەورەی بۆ عێراق بەدواوە بووە و دەستی ڕژێمی زایۆنیستی لەم ڕووداوانەدا ئاشکرا بووە.
ناوبراو وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی لاوازکردنی تواناکانی حەشدی شەعبی دەدات بەڵام ڕۆژێک دەگات کە تێچووی پیلانگێڕییەکانی لە عێراقدا بدات.
خزعەلی بە ئاماژە بە کردەوە تیرۆریستییەکەی شارۆچکەی سەدری بەغدا، وتی: ئەم کردەوە تیرۆریستییە تەنیا چەند ڕۆژ پێش سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ واشنتن بووە، ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگای تیرۆریستانەوە پاساو بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق بهێنێتەوە، هەمووان دەزانن کە داعش بەرهەمی هاوبەشی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارسە و لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، وتی: ئێمە ئەمریکا بە بەرپرسی کوژرانی ڕۆڵەکانی خۆمان دەزانین و وەڵامی ئەم تاوانانەش دەدەینەوە و سەبارەت بە بەردەوام کوشتنی کەسانی سڤیل لە عێراق هۆشداری دەدەین.
وتیشی کە حەشدی شەعبی بەردەوام لە گۆڕەپانی بەرگری لە عێراقدایە و تۆڵەش لە تیرۆریستانی داعش دەکاتەوە./.