بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق پرۆژەیەکی 4 خاڵیی وڵاتەکەیی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی چەندین ساڵەی سوریا خستەڕوو.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی لە گەڵ فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا، جەختیکردەوە کە کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا جێبەجێکردنی پرۆسەیەکە کە پەیوەندی بە خەڵکی سوریاوە هەیە و تەنیا لە سەر دەستی ئەوانیش دەکرێت و پێشتر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمەی پێشنیار کردووە.
وانگ یی وتی کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا هەڵبگرن.
وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە پەکین پرۆژەیەکی چوار خاڵیی هەیە کە یەکەم خاڵی ڕێزگرتنە لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری سوریا و ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی گەلی ئەم وڵاتە و وەلاوەنانی ئەو خەیاڵەی کە دەسەڵاتی دیمەشق دەڕووخێت و هەروەها دەبێت مافی ئەوەش بەم گەلە بدرێت کە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.
وانگ یی لە شرۆڤەی خاڵی دووەمی پرۆژە پێشنیارکراوەکەی چیندا وتی کە پەکین گرنگی بە ئاسوودەیی خەڵکی سوریا و پەلەکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە دەدات و جەختیکردەوە کە سەرەکیترین چارەسەری قەیرانی مرۆڤی سوریا هەڵگرتنی سەرجەم سزا تاکلایانەکانی سەر ئەم وڵاتەیە.
وتیشی کە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ سوریا دەبێت بە پێی ڕەچاوکردنی سەروەری نیشتمانی ئەم وڵاتە و بە هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی دیمەشق بێت.
وەزیری دەرەوەی چین وتی کە خاڵی سێهەمی پرۆژە پێشنیارکراوەکەی پەکین، بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری تیرۆریزم و سەرجەم ئەو گرووپانەیە کە لە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە وەک تیرۆریست ناسراون.
چین هەروەها جەختی لە سەر گرنگی ڕێزلێنان لە ڕۆڵی حکومەتی سوریا لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دژایەتی سەرجەم پلان و پرۆژەکانی دابەشکردنی ئەم وڵاتە و بەردەوامی هاوکارییە ئەمنییەکان لە گەڵ حکومەتی دیمەشق کردەوە.
چوارەم خاڵی پرۆژەکەی چین پاڵپشتییە لە چارەسەری سیاسی بەربڵاو لە سوریا بە گرنگیدان بە ڕۆڵی گەلی ئەم وڵاتە و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان گرووپەکانی سوریا و هاوکاریکردنی ئەم وڵاتە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە./.