بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی نووسەرانی گۆڤاری کۆپنهان سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ژمارەی نوێی ئەو گۆڤارە، ڕایگەیاند: پێویستە لە سەرەتادا سپاسی هەموو ئەو نووسەر و هونەرمەندانە بکەین کە بابەت و بەرهەمەکانی خۆیان بۆ گۆڤارەکە نارد و بەشدار و هاوکاری ئەو گۆڤارە ساوایە بوون کە یەکەمین ساڵی تەمەنی خۆی تێپەڕ کرد.
ئاماژە بەوەش دراوە: وەک هەمیشە دروشم و پەیام و ئامانجەکانی ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاگ لە پانتایی هونەر و کولتووردا خۆ دەبینێتەوە. بە تایبەتی بۆ کورد، هونەر و کولتووری ئەو نەتەوەیە وەک کۆڵکەزێڕینەیەکی گەش و هەمەڕەنگ دەدرەوشێتەوە و ئەرکی هەر تاکێکی هونەرمەندی کوردیش پاراستن و نیشاندان و هەوڵ بۆ گەشەی زیاتری ئەو جوانی و ڕووناکاییە بە گەلانی تری دەرەوەی سنوورەکانی خۆیه.
ژمارەی سێ و چواری گۆڤاری کۆپنهاون هەڵگری چەندین بابەت و بەرهەمی ڕەنگاوڕەنگە بە هەر دوو زمانی کوردی “سۆرانی، کەلهوڕی و هەورامی” و فارسی.
لەو ژومارەیەدا گۆڤارەکە جگە لە بەرهەمی هونەرمەندانی تر بە دوو فایلی تایبەت تەیار کراوە.
یەکەم: فایلی ئەدەبی هەورامی بە شیعر و چیرۆک و ڕەخنەی ئەدەبییەوە.
دووهەم: فایلی تایبەت بۆ ئەو وتار و یادداشتانەی که بە زمانی فارسی لە سەر ڕۆمانی سەگـی دانمارکـی نووسراون.
لە کۆتاییدا وەک پێشتر گوتراوە، گۆڤاری کۆپنهاون ئامێزی بۆ هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی کراوەیە و پێشوازی لە زمانەکانی تری غەیری کوردیش دەکات کە لە پێناو گەشەی زمان و چاندی کوردی نووسراون و بەرهەم هاتوون.