بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی حەفتانەی خۆی سەبارەت بە درێژەپێدانی سیاسی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە، وتی: شکستی سیاسەتی زیاترکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران زۆر دەمێکە بۆ بیرمەندان و شرۆڤەکارانی جیهانی ڕوون بووەتەوە و ئەم سیاسەتە بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە.
ناوبراو وتی: لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو حکومەتەکانی ئەمریکا کۆمەڵە سزا و گەمارۆیەکیان لە دژی ئێران جێبەجێ کرد، سزاکانیش بە نایاسایی و تاکلایانە بووە بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە تەنانەت بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکی، ئەم وڵاتە لە گەیشتن بە ئامانجی گەمارۆکان سەرکەوتوو نەبووە و بە هیچ کوێ نەگەیشتووە./.