شێوازی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە بەپەلە و بە بێ ڕاوێژ لە گەڵ حکومەتی ئەم وڵاتە بووە، تەنیا بێ بەرپرسیاریەتی ئەمریکییەکان پیشان دەدات. لە کاتێکدا کە ئەمریکا خۆی بە ئاڵاهەڵگری دیمۆکراسی دەزانێت، بووەتە سەرچاوەی گرنگی ئاڵۆزی و تیرۆریزم لە جیهان و لە ئەفغانستانەوە تا سوریا و عێراق، بووەتە هۆکاری ئاڵۆزی و ڕووخان و دواکەوتوویی وڵاتان و بە ناوی شەڕی دژ بە تیرۆرەوە کۆمەڵە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتیی خوڵقاندووە.
جۆری داگیرکاری و پاشەکشەی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان هێندە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان و لایەنەکانی ئەم وڵاتە جێی سەرسوڕمان بوو کە تەنانەت بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە خەڵکی ئەفغانستان دەڵێن ئەمریکییەکان بۆ هاتنەوە ناو ئەفغانستان موڵەتیان لە ئەفغانییەکان وەرنەگرت و تەنانەت لە پاشەکشەشدا ڕاوێژیان بەوان نەکرد. ئەم دۆخەی ئەفغانستان هاوشێوەی کانوونی دووەمی ساڵی 1973 ی ڤێتنامە کە بەپەلە هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە کشانەوە و کۆتایی بە شەڕی ڕاستەوخۆی سوپای ئەمریکا لە شەڕی ڤێتنام هێنرا. ئەگەرچی کات و شوێنەکە گۆڕاوە، بەڵام پاشەکشەی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان هەمان کاریگەری زۆری لە سەر خەڵکی ئەم وڵاتە بووە کە لەو ساڵەدا لە سەر خەڵکی ڤێتنام بینرا، بە واتایەکی دیکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە شکستی هێنا و گۆڕەپانەکەی بە جێهێشتووە.
ئەوەی کە لە ئەفغانستاندا بینراوە، گوزارشت لە ڕاستییەک دەکات، ئەویش سیاسەت و بەرژەوەندیخوازی ئەمریکایە و لە پرسی هاتن و کشانەوەی هێزەکانی لە وڵاتێکی دیکە هیچ کات بۆ خزمەت گەیاندن و پاراستنی خەڵکی ئەو وڵاتە نەبووە و تەنیا بەرژەوەندییەکانە کە هاتن و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەر وڵاتێک دیاری دەکات.
ئەوەی کە لە ناوچەکە دەبینرێت لە ئەفغانستانەوە تا سوریا و عێراق، دۆخەکەی وا تێکداوە کە ئەم وڵاتانە قەد ڕووی ئاسایش و پێشکەوتن بە خۆیانەوە نابینن، ئەمریکا بە ناوی شەڕی دژ بە تیرۆرەوە لەم وڵاتانە دەیان تاوانی دژە مرۆڤایەتیی خوڵقاندووە و بەم بیانووە کاریگەریی لە سەر دۆخی ئەمنی، سیاسی و ئابوری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە.
ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە تاڵیبان ئەفغانستانی داگیر کرد بەڵام دوا جار بە ڕێکەوتن لە گەڵ ئەو گرووپە ئەفغانستانی بە جێهێشت، جێهێشتنەکەش هێندە کێشە و قەیرانی بە دواوە بووە کە لە ئێستادا تاڵیبان زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کردووە و لە شەڕێکی تەواودایە لە گەڵ حکومەتی ئەم وڵاتە. ئەمریکا نەک تەنیا لە کۆتایی هێنان بە تیرۆریزم سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو ڕێژەی هێرش و کردەوە تیرۆریستییەکان لە ئەفغانستان زیاتر بووە و ماوەیەکی زۆری دەوێت تا ئەم وڵاتە برینەکانی ساڕێژ بێت.
ئەم دۆخەش لە عێراقدا دەبینرێت. ساڵی 2003 کە ئەمریکا عێراقی داگیرکرد تا ئێستا بە هەزاران هێزی سەربازیی هێناوەتە ئەم وڵاتە، شەڕ و توندووتیژی و تەقینەوەکان لە عێراقدا بووەتە بابەتێکی ڕۆژانە و بە دەیان هەزار عێراقی بەم بۆنەوە بوونەتە قوربانی. بوونی ئەمریکییەکان و هێزە سەربازییەکانیان لە عێراق وایکردووە کە ئەم وڵاتە لە زۆر بواردا لە ڕیزی دواکەوتووترین وڵاتانی جیهاندا بێت، هێشتا عێراق ناتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و سووتەمەنی بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکات.
ئەمریکا کە بە بیانووی شەڕی داعشەوە گەڕایەوە عێراق، بە پێی بەڵگەکان پاڵپشت و دابینکاری پێداویستییەکانی داعش بووە و ڕۆڵی لە کردەوە تیرۆریستییەکان و تاوانەکانی ئەم گرووپە لە دژی خەڵکی عێراق هەبووە. تەنانەت ئەو هێزە عێراقییانەش کە شەڕی دژ بە داعش دەکەن بەردەوام لە لایەن ئەمریکاوە هێرشیان دەکرێتەوە سەر، لە بەر ئەوەی کە نایەوێت داعش لە ناو بچێت تا بەردەوام بیانووی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق بمێنێت.
عێراقییەکان ئاگادارن کە ئەمریکا لە وڵاتەکەیان سەرقاڵی پیلانگێڕییە و هۆکارێکی ئەم دۆخە بێ خزمەتگوزارییەی ئێستایە، هەر بۆیە گرووپەکانی خۆڕاگری وەک پارێزەری عێراق لە مەترسییەکان، خەباتی دژ بە ئەمریکایان بە ئامانجی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە دەستپێکردووە، پێشتریش پەرلەمانی عێراق پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە چوارچێوەی یاسایەکدا پەسەند کردووە و حکومەتی بەغداشی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ڕاسپاردووە.
ئەڵبەت ئەمریکا هەوڵی داوە کە بوونی سەربازیی خۆی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکات بەڵام وەک چۆن کە بەڕێز مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری ناوداری کورد ڕایگەیاندووە، ئەمریکا جێی پشتیوانی و بڕوا و پشت بەستن نییە و هەرێمی کوردستان باشترە پشت بە خەڵکەکەی ببەستێت تا هێزی دەرەکی، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا وەک ئەفغانستان و تاڵیبان ڕۆژێک دەبێت کە لە عێراقیش دیسانەوە لە گەڵ داعش ڕێبکەوێت و جارێکی دیکە خەڵکی ئەم وڵاتە بکاتەوە قوربانی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی