بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگ بڕیاری درێژکردنەوەی میکانیزمی گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی بۆ سوریا لە ڕێگای خاڵێکی سنوری تورکیاوە بۆ ماوەی 6 مانگ پەسەند کرد، بەسام سەباغ باڵیۆزی سوریا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: ڕووسیا و چین و چەند وڵاتێکی دیکە هەوڵی ئەوەیاندا کە بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆڤی لە سوریا و گەیاندنی هاوکارییەکانی بۆ ئەو کەسانەی کە لە ڕاستیدا پێویستیان هەیە، بە پێی میکانیزمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان لە کاتی نائاسایی، یارمەتیدەر بن، بە تایبەت لەم کاتەدا کە سوریا ڕوبەڕوی پەتای کۆرۆنا و سزا نایاسییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بووەتەوە.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا بە درێژکردنەوەی میکانیزمی پێشوو کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، کەمتەرخەمی خۆیان لە بەرامبەر ئێش و ئازارەکانی گەلی سوریا پیشاندا، ئەو میکانیزمەش بەردەوام دەسەڵات و سەروەری سوریا پێشێل دەکات و هاوکارییەکانیش لەو ڕێگایەوە بە دەستی خەڵکی هەژار ناگات.
باڵیۆزی سوریا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: میکانیزمەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێت، بە هۆی نەبوونی شەفافییەت، چاودێری و نەبوونی دڵنیایی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە دەستی خەڵکی هەژار نەک تیرۆریستان، بایەخێکی نییە، وێڕای ئەوەی کە میکانیزمەکە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بۆ پاڵپشتی لە گرووپی تیرۆریستی بەرەی نوسرە مسۆگەر دەکات./.