بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەهلا عەموری بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی لە گەڵ ڕاوێژکاری بازرگانی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا، وتی: هەلومەرجی دژوار و ئەو گرفتانەی کەوتووەتە بەردەم بازرگانانی ئێرانی بۆ وەرگرتنی ڤێزەی عێراق، گرنگترین تەوەری ئەو کۆبوونەوە بووە.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا بەشێکی زۆری چالاکی بازرگانانی ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراقە، بەڵام بە هۆی ئەم هەلومەرجەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، هاتووچۆی بازرگانانی ئێرانی بۆ عێراق ڕوبەڕوی کێشە و گرفتی زۆر بووەتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەهواز بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی نێوان هەر دوو حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق بۆ ئاسانکاری لە پێدانی ڤێزە، وتی: بە پێی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری بازرگانی ئێران لە بەغدا، لە دوایین سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی 2019 سەبارەت بە پێدانی ڤێزە بە تایبەت بە بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری ڕێکەوتنێکی باش کراوە.
عەموری بە ئاماژە بەوەی کە ئەو ڕێکەوتنە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، وتی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێکەوتنەیە.
جێگری سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق بە ئاماژە بەوەی کە سەردانیکردنی عێراق لە لایەن بازرگانانی ئێرانی بۆ وەرگرتنی قەرزەکانی خۆیان و هەروەها دۆزینەوەی بازاڕی هەناردەی کاڵا و بەرهەمەکانی ئەوان پێویستی بە ئاسانکاری لە دەرکردنی ڤێزە هەیە، وتی: هیوادارین کە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و لە ئێستادا عێراق زیاتر گرنگی بە گەشتە ئاسمانییەکان دەدات و لەو ڕێگایەوە ئاسانتر ڤێزە دەدات./.