بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەلیل جەباری لە سەردانێکیدا بۆ شاری سەردەشت وێڕای بەسەرکردنەوەی زەوی دابینکراو بۆ درووستکردنی مۆزەخانەی ئاشتی لەم شارە، وتی: ئەم مۆزەخانەیە لە ڕوبەرێکی زیاتر لە 3 هەزار مەتری چوارگۆشە درووست دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی کەلەپوری فەرهەنگی، پیشەسازی دەستی و گەشتیاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێران، وتی: لە دیزاینی ئەم مۆزەخانەیە هەوڵ دەدرێت تا کاریگەری بۆردومانی کیمیایی سەردەشت لە سەر سرووشتی ناوچەکە، لە شێوازی بیناسازی مۆزەخانەکە پیشان بدرێت.
جەباری وتی: بەشی سەرەکی ئەم مۆزەخانەیە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کاریگەرییە کوشندەکانی و هەروەها کاریگەریی لە سەر ژیانی خەڵکی سەردەشت لە کاتی بۆردومانەکە تا بە ئەمڕۆ لە خۆ دەگرێت.
وتیشی کە بەشەکانی دیکەشی پەیوەندی بە ئاشتییەوە هەیە، وەک ناساندنی کەسایەتییە ناودارەکانی بواری ئاشتی لە ئێران و جیهان و ئەو کەسانەی کە بە کردەوەکانی خۆیان ڕۆڵی ئاشتیخوازانەیان بە درێژایی مێژوو هەبووە.
جەلیل جەباری لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە مۆزەخانەی ئاشتی سەردەشت لە 5 نهۆمدا درووست دەکرێت کە چەندین بەشی وەک خزمەتگوزاری، کارگێڕی، توێژینەوە، هۆڵی کۆبوونەوە و کۆنفرانس، پێشانگای وێنەیی و …. لە خۆ دەگرێت./.