بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسێکی عێراقی ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دژایەتی خۆیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق ئاشکرا کردووە و جەختی لە سەر مانەوەی ئەو هێزانە لە خاکی هەرێمدا کردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بە ڕۆژنامەی العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند سەرکردەیەکی سیاسی کورد پەیامی ئەوەیان بە ئەمریکییەکان داوە کە پێداگری لە سەر مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەکەن.
ڕاشیگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانی جەختیان لە سەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی وەک فەرەنسا و بەریتانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە ئەم هەڵوێستەی حکومەتی هەرێم لە داهاتوودا کێشەی بە دواوە بێت، لە بەر ئەوەی کە چەند لایەنێکی عێراقی دژی مانەوەی هێزەکانی بێگانەن و لە لایەکی دیکەوە حکومەتی بەغدا لە ژمارەی ڕاستەقینەی هێزەکانی بێگانە لە هەرێم بێ ئاگایە./.