بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران وتی: خۆشحاڵم بەوەی کە لە پاش دوایین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئۆپێک ئەم بارە قورسەی سەر شانم بە ڕاستگۆیی و درووستی ڕادەستی کەسێکی دیکە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ وەزیری نوێی نەوتی ئێران دەخوازم، لە کۆبوونەوەی ئۆپێکیش داوام لە وڵاتانی ئەندام کرد کە لە گەڵ وەزیری نوێ هاوکاری بکەن.
ناوبراو وتی: لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک ئاماژە بە گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی نەوت درا، ئەندامانی ئۆپێک لەوە نیگەران بوون کە ئێران چۆن دەگەڕێتەوە، پێم وایە کە گرنگترین پلانی وەزیری نوێ لە کابینەی ئێران چۆنیەتی بە ئەنجام گەیاندنی گەڕانەوەی ئێرانە بۆ بازاڕی نەوت لە پاش هەڵگرتنی گەمارۆکان.
زەنگەنە وتی: لە لایەن ئۆپێکەوە وەک وەزیرێک کە زیاترین پێشینەی لە ڕێکخراوەکەدا وەک وەزیری نەوت هەبووە ڕێزم لێگیرا، ئەڵبەت ئەوە دەستخۆشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، بە بۆچوونی من ئۆپێک تەنیا ڕێکخراوی جیهانی سێهەمە کە لە کەرتی ئابوری جیهاندا کاریگەریی هەبووە و ڕێکخراوێکی هاوشێوەی لە جیهانی سێهەمدا نییە.
وەزیری نەوتی ئێران وتی کە خاڵی گرنگ لە سەرکەوتنی ڕێکخراوی ئۆپێک ئەوەیە کە لە هەمان کاتدا کە وڵاتانی ئەندام پێکەوە کێبڕکێ و ناکۆکی سیاسییان هەبووە، هاوکاری یەکتریشیان کردووە.
وتیشی: بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک ڕکابەری یەکترن و ناکۆکی جیدی سیاسییان پێکەوە هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پێکەوە کۆدەبنەوە و وا هەڵسووکەوت دەکەن کە لەوپەڕی کێبڕکێدا، بەرژەوەندییەکانیش دابین دەکەن، لەم ساڵانەدا بەردەوام بەرژەوەندی ئەندامانی ئۆپێک دابین کراوە و بوونی ئەم ڕێکخراوە سوودی بۆ وڵاتانی ئەندام هەبووە.
وەزیری نەوتی ئێران وتی: ئەمەش گەورەترین وانەی منە لە ئەندامبوون لە ئۆپێک و پێم وایە کە ڕێکخراوەکە دەبێت ئەم خاڵە گرنگە بپارێزێت.
زەنگەنە وتی: لە ساڵانی ئەندامبوون و بەشداری لە ئۆپێک بەردەوام بەرگریم لەمە کردووە و کارەکان بەم ئاراستەیەدا بووە کە لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران، وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی وەبەرهێنەر و بەکارهێنەری نەوتدا بووە./.