بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە حوکمێکدا غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەییان وەک سەرۆکی نوێی دەزگای دادی ئێران دەستنیشان کرد.
لە بەشێک لە حوکمەکەی حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەییدا هاتووە کە لە ئێستادا کە بەڕێز سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بە دەنگی گەلی ئێران وەک سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێردراون، وێڕای دەستخۆشی زۆر لە خزمەت و چالاکییەکانی ئەوان لە ماوەی بەرپرسیاریەتی پێشوو و ئەو کارنامە پڕ لە شانازییەی کە لەوان بە جێماوە، بەڕێزتان کە بەدەر لە شیاوبوونی یاسایی، خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن لە بواری دادوەری، وەک سەرۆکی نوێی دەزگای داد بە پێی مادەی سەد و پەنجا و حەوتی دەستوور، دەستنیشان دەکەم.
پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای نوێ لە دەزگای داد، دەستنیشانکردنی کەسانی شیاو لە بەرپرسیاریەتییەکان، ڕێزگرتن لە دادوەرە پاکدەستەکان، پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵانی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی هەر هەنگاوێکی نایاسایی، چەند چاوەڕوانییەکی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرۆکی نوێی دەزگای دادی ئێرانە./.