بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پیاسەکردنی بەردەوام و ڕۆژانە، کاریگەریی لە سەر چالاکی دڵ و ڕێگری لە لاوازبوونی عەقڵی مرۆڤ هەیە. پیاسەکردن بە ساکارترین شێوازی وەرزشکردن بۆ جەستە دادەنرێت، ئەم وەرزشەش بۆ هەر تەمەنێک بە هەر توانا و دۆخێکی جەستەوە گونجاوە.
لە درێژەدا ئاماژە بە چەند سوودێکی گرنگی پیاسەکردن دەدرێت:
بەهێزکردنی چالاکی دڵ
پیاسەکردنی بەردەوام و ڕۆژانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتە، دابەزینی ڕێژەی کۆلیسترۆڵی خەراپ و بەرزکردنەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵی باش و یارمەتیدەری کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێنە. لە ڕاستیدا هەر چالاکییەک کە لێدانی دڵ بەرز بکاتەوە و سوڕی خوێن لە دڵدا زیاتر بکات، بە چالاکییەک بۆ دڵ و سیستەمی گەیاندنی خوێن هەژمار دەکرێت.
کەمبوونەوەی مەترسی توشبوون بە هەندێک نەخۆشی
ئەنجامدانی پیاسەی بەردەوام، بەدەر لە کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانی دڵ، مەترسی توشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری 2، هەناسەتەنگی و شێرپەنجەش کەم دەکاتەوە. زانایان 3 هەزار تا 7500 هەنگاو لە ڕۆژدا بۆ چارەسەرکردنی شەکرەی جۆری 2 پێشنیار دەکەن و دەڵین کە توشبووی شەکرەی جۆری 2 پێویستە کەمتر دابنیشێت و پیویستە چالاکی زیاتری هەبێت، ڕۆژانەش پیاسەکردن دەتوانێت ڕێژەی شەکری خوێن کۆنتڕۆڵ بکات و ڕێگریش لە شەکرەی جۆری 2 بکات.
کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستە
ئەگەر هەوڵی دابەزاندنی کێشی جەستە دەدەن، پێویست بە سووتاندنی 600 کالۆری لە ڕۆژدا هەیە، واتە زیاتر لەوەی کە لە ڕۆژدا دەیخۆن و پیاسەکردنیش ساکارترین شێوازی سووتاندنی ئەم کالۆرییە دەبێت. کەسێک کە 60 کیلۆ کێشی هەیە، لە ماوەی 30 خولەک پیاسەکردنی تونددا 75 کالۆری دەسووتێنێت، هەرچی پیاسەکردنەکە توند و خێرا بێت کالۆری زیاتر دەسووتێت.
ڕێگری لە لاوازبوونی مێشک
هەبوونی چالاکی جەستە کاریگەری زۆری لە سەر مێشک دەبێت و وەرزشکردنی بەردەوام، مەترسی لاوازبوونی عەقڵ کەم دەکاتەوە و زاکیرەی مرۆڤیش باشتر دەکات.
کەمبوونەوەی ئێسکە نەرمە
پیاسەکردن ئێسک بەهێز دەکات، ئەم وەرزشە زیاتر بۆ ژنان کە مەترسی نەخۆشی ئێسکە نەرمەیان لە سەرە بە پێویست دادەنرێت و ڕۆڵی گرنگی لە پاراستنی تەندرووستی ئێسکی ئەواندا هەیە.
زیاتربوونی ڕێژەی ڤیتامین D
ئەگەر پیاسەکردنەکە لە دەرەوە و لە ڕۆژی ڕووندا بێت، ڕێژەی ڤیتامین دی لە جەستەدا زیاتر دەکات، ئەگەر ئەم جۆرەی ڤیتامین لە ڕێگای خۆراکەوە بە جەستەی ئێوە نەگات دەتوانن لە ڕێگای تیشکی هەتاوەوە بە دەستی بێنن.
هەست بە شایی و وزەی زیاتر دەکرێت
توێژینەوەکان ئەوەیان پیشان داوە کە وەرزشکردنی بەردەوام، هێندەی دەرمانەکانی دژە خەمۆکی کاریگەری هەیە، کاتێک کەسێک وەرزش دەکات هۆڕمۆنی ئەندورفین لە جەستەیدا زیاتر دەبێت و ئەو کەسە هەست بە شایی زیاتر دەکات، نیگەرانی و سترێس کەم دەکاتەوە و ئەگەر ئەم چالاکی وەرزشییەش بە شێوازی گرووپ بێت، هەستی تەنیایی و گۆشەگیربوون لای مرۆڤ دوور دەخاتەوە./.