بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو توێژینەوەیەکی زۆر کراوە کە گوزارشت لە پەیوەندی نێوان تەندرووستی ڕیخۆڵە و سیستەمی بەرگری جەستە، هەڵسووکەوت، تەندرووستی دەروونی، نەخۆشییەکانی، پێست، شێرپەنجە و … دەکات.
دەستەواژەی میکرۆبیۆمی ڕیخۆڵە بە تایبەت ئاماژە بە میکرۆئۆرگانیزمەکانی ڕیخۆڵە دەدات. هەر کەسێک نزیکەی 300 تا 500 جۆری جیاواز لە بەکتریاکانی لە کۆئەندامی هەرسی خۆیدا هەیە. لە کاتێکدا کە بەشێک لەمانە زیانیان بۆ جەستە هەیە، بەشێکی دیکە لەوان سوودیان هەیە و تەنانەت بە پێویست دادەنرێن.
بوونی بەشێک لەو بەکتریا سوودبەخشانە دەتوانێت سیستەمی بەرگری جەستە باشتر بکات، هۆکارەکانی خەمۆکی نەهێڵێت، یارمەتیدەری ڕوبەڕوبونەوەی قەڵەوی بێت و هەزاران سوودی دیکە بۆ جەستە.
بەشێک لە ڕێکارەکان بۆ باشترکردنی تەندرووستی ڕیخۆڵە لێرەدا هاتووە:
دابەزاندنی ئاستی سترێس یان پەستانی دەروونی:
ئاستی بەرزی سترێس بۆ ڕیخۆڵەکان و جەستە بە گشتی زیانی هەیە، بەشێک لە ڕێگاکانی دابەزاندنی ئاستی سترێس وەک پیاسەکردن، ئامادەبوون لە نێوان ئەندامانی خێزان یان دۆستان، دابەزاندنی بەکارهێنانی جگەرە و مادە دووکەڵییەکان، یۆگا و … دەتوانێت سوودی هەبێت.
خەوی پێویست:
کەمخەوی و یان خەوی نەشیاو دەتوانێت کاریگەری جیدیی لە سەر تەندرووستی ڕیخۆڵە هەبێت و دوا جار کێشەی زیاتر بۆ خەوتنی ئەو کەسەش بخوڵقێنێت.
بە ئارامی نان خواردن:
بە ئارامی نان خواردن دەتوانێت کاریگەریی لە سەر هەرسکردنی هەبێت، ئەمەش دەتوانێت ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و پاراستنی تەندرووستی ڕیخۆڵە هەبێت.
خواردنی ئاوی پێویست:
ئەنجامی توێژینەوە جیاجیاکان پیشان دەدات کە خواردنی ئاوی پێویست کاریگەریی لە سەر پاراستنی تەندرووستی ڕیخۆڵە هەیە. پاراستنی ڕێژەی ئاوی جەستە بە ڕێگایەکی سادەی بەهێزکردنی تەندرووستی ڕیخۆڵە دادەنرێت./.