بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە میانەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و لە یەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پاش سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە، جەختی لە سەر سیاسەتی تاران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کردەوە، پەیوەندییەک کە دەتوانین بڵێین بۆ ئێران لە ڕووی ئابورییەوە گرنگییەکی زۆری دەبێت. ناوبراو لە پەیوەندی تەلەفوونی شێخ تەمیم حەمەد ئالی سانی میری قەتەریش سەر لە نوێ ئەم هەڵوێستەی دووپات کردەوە و ئەمەش پیشان دەدات کە کابینەی نوێی ئێران بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوری ئەم وڵاتە دەیەوێت کەڵک لە بازاڕی وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ وەربگرێت.
دابینکردنی بازاڕی نوێ لە وڵاتانی دراوسێ لە وڵاتانی دراوسێ دەتوانێت ڕێژەی وەبەرهێنانی کارگەکانی ئێران بەرز بکاتەوە، ئەڵبەت بە هۆی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی چەند وڵاتێکی دیکە، دەبێت وەبەرهێنەرانی ئێرانی زیاتر بایەخ بە کوالیتی کاڵا و بەرهەمەکانیان بدەن.
بە پێی ڕاگەیاندنی دامەزراوە بەناوبانگە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها دامەزراوە ناوخۆییەکانی ئێران، 15 وڵاتی دراوسێی ئێران زیاتر لە 1000 ملیار دۆلار و 25 دراوسێی ئەڵقەی دووەمی ئێران زیاتر لە 2000 ملیار دۆلار هاوردەی ساڵانەیان هەیە و پشکی ئێران لەم بازاڕە گەورەیە زۆر کەمە. بە پێی گەشە و پێشکەوتنی خێرا لەم وڵاتانە و هەروەها بوونی ڕکابەرانی جیدی، ئێران نابێت چاوپۆشی لەم دەرفەتە مێژووییە بکات.
ئێران دەتوانێت لە دەرفەتی بازاڕی وڵاتانی دراوسێ بۆ قەرەبووکردنەوەی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا کەڵک وەربگرێت. لێکدانەوەی ئامارەکانی بازرگانی دەرەکی ئێران لە گەڵ وڵاتانی جیاجیا پیشان دەدات کە لە سەردەمی گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا، ڕێژەی بازرگانی دەرەکی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ نەک تەنیا کەم نەبووەتەوە بەڵکوو لە گەڵ چەندین وڵاتی گرنگی ناوچەکە وەک وڵاتانی ناوچەی ئوراسیا و عێراق بەرزبوونەوەشی تۆمار کردووە و داهاتەکەشی توانیویەتی ڕێگری لە ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی ئابوری ئەم وڵاتە بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر لەم ماوەیەدا ڕێژەی بازرگانی دەرەکی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپی گەیشتووەتە یەک لە سەر شەش.
بۆ ئەمەش کابینەی سێزدەیەمی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی کە بە ڕاشکاوانە پلانی ستراتیژی خۆیی بە باشترکردنی دۆخی ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک ناو بردووە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی دراوسێ بەهێزتر بکات، لەم پەیوەندییانەش گرنگی زیاتر بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان دەدرێت.
هەر بۆ ئەمەش پێویستە کە ئەم پرسە وەک پرۆژەیەکی ستراتیژی لە ئاستی سەرۆکایەتی کۆماردا بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
ڕۆڵ و کاریگەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک دامەزراوەیەکی کاریگەر لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ زیاتر بکرێت.
دەستنیشانکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران کە شارەزاییەکی تەواوی لە سەر توانا ناوخۆییەکانی کەرتی ئابوری و پێداویستییەکانی لە ئاستی دەرەوەدا بە تایبەت بازاڕی وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
دەستنیشانکردنی پارێزگارانی بەتوانا بە تایبەت لە پارێزگا سنورییەکان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ناوەندەوە بۆ ئەوان بە مەبەستی خێراترکردنی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ./.