بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بوونی کانزاکانی چادرمەلو، یۆرانیۆمی ساغەند، ڕووی، گرانیت و هەروەها ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی دۆڵی هەنجیر و ئاژەڵە کێوییەکان وایکردووە کە خەرانەق ناوچەیەکی تایبەت لە پارێزگای یەزد و تەنانەت لە ئێران بێت. گوندی خەرانەق کەوتووەتە بەشی کوێستانیی پارێزگای یەزد و کەش و هەوایەکی زۆر فێنکی بەراورد بە یەزد هەیە. ئەم گوندە دوو بەشی کۆن و نوێی هەیە کە دانیشتووانەکەی لە بەشی نوێدا نیشتەجێن، ئەگەرچی کە ڕێژەی دانیشتووانەکەی زۆر نییە و تەنیا 435 کەسە.
ئەم گوندە چەندین ئاسەواری مێژوویی تێدا هەیە، بە تایبەت یەکێک لە گەورەترین و کۆنترین قەڵاکانی نیشتەجێبوونی پارێزگای یەزد کە بووەتە هۆی ئەوەی گوندەکە ببێتە جێی سرنجی گەشتیارانی بیانی بە تایبەت گەشتیارانی ئەورووپی. ئەم گوندە لە ئەورووپا زیاتر لە ئێران ناوبانگی هەیە.
ئەگەر سەردانی پارێزگای یەزدی ئێران دەکەن، پێشنیار ئەوەیە کە گوندی خەرانەق بە سەر بکەنەوە. بینینی چەندین بینای چەند هەزار ساڵە کە تا 30 ساڵی ڕابردوو هێشتا شوێنی ژیانی بەشی زۆری دانیشتووانی گوندەکە بووە، بووەتە یەکێک لە ڕاکێشیگەلەکانی ناوچەکە.
چەندین بینای مێژووی لەم گوندەدا هەیە کە بووەتە جێی گرنگیی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی. لە درێژەدا ئاماژە بە بەشێک لەوان دەدرێت:
قەڵای خەرانەق
گرنگترین شوێنی گوندەکە، قەڵایەکە کە بە پێی وتەی دانیشتووانەکەی مێژوویەکی 4500 ساڵەی هەیە. ئەم گوندە لە مێژووی کۆنی خۆیدا هەردەم مەترسی هێرشی تاڵانچی و دزەکانی لە سەر بووە و ئەمەش بووەتە هۆی بونیادنانی قەڵاکە و بۆ ماوەیەکی زۆر تێیدا ژیانیان بە سەر بردووە.
ئەم قەڵا مێژووییە لە ڕیزی ئەو دەگمەن قەڵانەی جیهانە کە تێیدا خانووی دوو و سێ نهۆمی هەیە و زیاتر لە پێشانگایەک دەچێت کە ژوورەکانی لە خشت و گڵ درووست کرابێت.
مێژووی قەڵای خەرانەق بۆ سەردەمی پاش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ڕووبەری قەڵاکە زیاتر لە یەک هێکتارە و وەک چۆن ئاماژە درا یەکێک لە گەورەترین قەڵاکانی نیشتەجێبوونی پارێزگای یەزدە. مێژووی قەڵاکە بۆ سەردەمی ساسانییەکان، واتە نزیکەی 1800 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. چواردەوری ئەم قەڵایە کراوەتە خەندەق، ئەویش بۆ ڕێگری لە هێرشی دوژمنان تا دانیشتووانی قەڵاکە پارێزراو بن.
ئەم قەڵایە 6 تاوەری چاودێریی هەیە، یەکێک لە بەشی باکور، دووەمی لە بەشی باشوری ڕۆژئاوا و چواری دیکەش لە بەشی ڕۆژئاوای قەڵاکەدایە. ژمارەی خانووەکانی ئەم قەڵایە 80 خانووە کە زۆربەیان دوو یان سێ نهۆمین، خانووەکان بە پێی پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵک دیاری دەکران. قەڵای خەرانەق لە ساڵی 1383 ی کۆچی هەتاوی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
کاروانسەرای خەرانەق
کاروانسەرایەکی گەورە لە نزیک قەڵای خەرانەقدا هەیە کە یەکێکی دیکە لە بینا مێژووییەکانی ئەم گوندەیە. کاروانسەراکە سەردەمێک شوێنی هاتووچۆی خەڵکی ناوخۆیی و بیانی بووە. هەر ئێستاش وەک شوێنی پێشوازی لە گەشتیاران کراوەتەوە و دیمەنێکی جوان و دڵرفێن لە مێژووی سەردەمی کۆن بەوان دەبەخشێت.
پردی خەرانەق
ئەم پردە هیچ کات شوێنی پەڕینەوەی مرۆڤ یان ئاژەڵ نەبووە، ئامانج لە درووستکردنی ئەم پردە تەنیا گواستنەوەی ئاو لەم بەری ڕووباری کاڵ بۆ ئەو بەری ڕووبارەکە بووە. پردەکە وا درووست کراوە کە لافاوە گەورە و بەهێزەکانی ئەو سەردەمە کاریگەری لە سەر دانەنێت، بە پێچەوانەی ئێستا کە هیچ ئاوێک لەو ڕووبارەدا نییە. هەندێک بەڵگەی مێژوویی پیشان دەدات کە پردەکە لە سەردەمی ئەشکانییەکان درووست کراوە. ئەڵبەت ئەم پردە بە درێژایی مێژووی کۆنی خۆی بەرە بەرە زیانی بەرکەوتووە.
پردەکە ئەمڕۆ بووەتە ئاسەوارێکی مێژوویی و پڕ ڕەمز و ڕاز. سەرەڕای ئەوەی کە ئاوێک لەو ڕووبارەدا نەماوە و بە تەواوی وشک بووە، بەڵام خەڵکی گوندەکە هێشتا بۆ پەڕینەوە و هاتووچۆ کەڵکی لێ وەردەگرن.
حەمامی خەرانەق
حەمامە مێژووییەکەی خەرانەق لە کاروانسەرا و لە نزیکی مەزراکان و بۆ دەسخستنی ئاسانتری ئاوی کارێزەکان لە شوێنێکی قووڵدا درووست کراوە. ئەم حەمامە لە ئاستی کۆمەڵەی قەڵاکە نزمترە بەڵام لە ئاستی مامناوەندی گوندەکە بەرزترە و زێرابەکەی بە ئاسانی بۆ زەوییەکانی چواردەوری قەڵاکە دەڕوات. مێژووی ئەم حەمامەش بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی قاجاڕەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە. لە کاتی خۆیدا لە بەیانی تا شەو تایبەت بە ئافرەتان و لە شەو تا بەیانی تایبەت بە پیاوان بووە و ساڵی 1389 ی کۆچی هەتاوی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە.
مزگەوتی گشتی
لە ناوەڕاستی قەڵای خەرانەق مزگەوتێک هەیە کە مێژووەکەی بۆ سەدەی هەشتەم تا دەیەمی کۆچی مانگی دەگەڕێتەوە. خشت و گڵ گرنگترین ئەو پێداویستییانەن کە لە درووستکردنی ئەم مزگەوتە بەکار هاتوون. ئەم مزگەوتە لە ساڵی 1378 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 2440 وەک یەکێکی دیکە لە ئاسەوارە مێژووییەکانی گوندی خەرانەق لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە.
ناوی خەرانەق بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
خەرانەق لە ڕابردوودا بە خورانەق یان خورنەق ناو دەبرا، واتە شوێنی هەڵهاتنی خۆر یان شوێنی لەدایکبوونی خۆر. لە ڕاستیدا ئەم ناوە هورنە بووە کە فارسی کۆن یان میانەیە و وەک ناوەکانی دیکە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە. هور بە واتای خۆرە.
گوندی مێژوویی خەرانەق لە 85 کیلۆمەتری باکوری ڕۆژهەڵاتی یەزد و لە 50 کیلۆمەتری قەزای ئەردەکان و سەر ڕێگای مەشهەدە.