بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی میرئەشرەفی وتی: بەراوردکردنی بازرگانی دەرەکی ئێران لە سێ مانگی بەهاری ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی لە گەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی پیشان دەدات لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 25 و لە ڕووی بایەخەوە لە سەدا 50 کاڵا ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دەرەکی بەرز بووەتەوە.
ناوبراو وتی: کۆی گشتی بازرگانی دەرەکی ئێران لە بەهاری ئەمساڵ 38 ملیۆن و 400 هەزار تەن بە بڕی 20 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە، کە لە ڕووی کێشەوە 7 ملیۆن و 700 هەزار تەن و لە ڕووی بایەخەوە نزیکەی 7 ملیار دۆلار بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.
میرئەشرەفی وتی: ڕەوتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بازرگانی دەرەکی ئێران لە یەکەم وەرزی ساڵ پیشاندەری باشتربوونی دۆخەکەیە.
جێگری وەزیری ئابوری و دارایی ئێران لە درێژەدا وتی: لە بەهاری ئەمساڵ 30 ملیۆن تەن کاڵا بە بڕی 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە گومرکەکانی ئێرانەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کراوە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 38 و لە ڕووی بایەخەوە لە سەدا 69 بەرزبوونەوەی هەبووە.
سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران سەبارەت بە گرنگترین ئامانجەکانی هەناردەی ئەم وڵاتە لە بەهاری ئەمساڵ، وتی: چین بە 7 ملیۆن و 100 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 3 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، عێراق بە 9 ملیۆن و 600 هەزار تەن بە بڕی 2 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، ئیمارات بە 3 ملیۆن و 400 هەزار تەن بە بڕی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 663 هەزار تەن بە بڕی 595 ملیۆن دۆلار و ئەفغانستان بە یەک ملیۆن و 400 هەزار تەن بە بڕی 570 ملیۆن دۆلار، پێنج ئامانجە گەورەکەی هەناردەی ئێران بوون.
میرئەشرەفی سەبارەت بە ئاماری هاوردەی کاڵا لە بەهاری ئەمساڵیش، وتی: لەم ماوەیەدا 8 ملیۆن و 400 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 10 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار هاوردەی ئێران کراوە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 6 و لە ڕووی بایەخەوە لە سەدا 34 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
ناوبراو وتی: لە بەهاری ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، لە ئیماراتەوە 2 ملیۆن و 500 هەزار تەن کاڵا بە بڕی 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، چین بە 683 هەزار تەن بە بڕی 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 888 هەزار تەن بە بڕی یەک ملیار دۆلار، ئەڵمانیا بە 239 هەزار تەن بە بڕی 414 ملیۆن دۆلار و سویسرا بە 472 هەزار تەن بە بڕی 384 ملیۆن دۆلار، کاڵا هاوردەی ئێران کراوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران وتی: ڕێژەی ترانزێتی کاڵای دەرەکی لە خاکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێ مانگەی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی 2 ملیۆن و 742 هەزار تەن بووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 121 بەرز بووەتەوە و پیشان دەدات کە دۆخی ترانزێتی کاڵا و داهاتەکەی لە مانگەکانی داهاتووی ئەمساڵ بەرەو باشتربوون دەڕوات.
میرئەشرەفی سەبارەت بە ئاماری دۆزینەوەی کاڵای قاچاخیش لە لایەن گومرکەوە، وتی: لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی بە تایبەت لە گومرکە سنورییەکان 530 ملیار تمەن کاڵای قاچاخ دەستی بە سەردا گیراوە و 580 دۆسیەش لەم بوارەدا لە گومرک کراوەتەوە./.