بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە لێکدانەوەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوەیە کە تەنیا 6 مانگ پاش تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە ئەفغانستان، حکومەتی کابول دەڕووخێت.
لێکدانەوەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە دۆخی ئەفغانستان بۆ پێشڕەوییەکانی گرووپی تاڵیبان لە باکوری ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە.
سوپای ئەمریکا تا ئێستا نیوەی 3500 سەربازەکەی لە ئەفغانستان و بەشێک لە چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی لەم وڵاتە کشاندووەتەوە و بڕیارە تا 11 ی سپتمبێر پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تەواو بێت.
ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە لێکدانەوەی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوە بووە کە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی لە ئەفغانستان ڕەنگە تا دوو ساڵ پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەرگری لە خۆی بکات.
بەشێکی دیکە لە بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاواش ڕایانگەیاندووە کە ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان و کەوتنی کابولی پایتەخت ڕەنگە تەنیا 3 مانگ پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕوو بدات./.