بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی کردووە کە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە وەک سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێردراوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.
لە بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە کە بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوە سوپاس و پێزانین بۆ هاوکاری و پشتگیرییەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژە دژوارەکاندا، هیوای خواست لە سەردەمی سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، پەیوەندییە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتی باش، زیاتر بەرەو پێش ببرێت و بوارەکانی هاوکاری و هاوبەشی نێوان هەر دوو لا فراوانتر ببن.
لای خۆیەوە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی خۆشحاڵی و سوپاسی خۆیی بۆ پەیوەندی و پیرۆزباییەکەی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و هیوای بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکان و هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان خواست./.