بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوە و دانوستانکاری باڵای ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننا وتی کە پشوودرێژی و هەڵسووکەوتی ئێرانە تا ئێستاش بووەتە هۆی مانەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی.
ناوبراو وتی: پێشکەوتنی بەرچاو لە سەر دانوستانەکانی ڤیەننا هاتووەتە پێشەوە و لەو بڕوایەداین کە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە ڕێکەوتن نزیک بووینەتەوە بەڵام چەندین پرسی سەرەکی ماوە و هێشتا دانوستانی لە سەر دەکرێت.
عێراقچی وتی: لایەنەکانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا دەبێت بزانن کە ئێران قوربانی زۆری داوە و واشنتن دەبێت ڕێگا هەڵەکەی پێشووی ڕاست بکاتەوە، ئێران بە هۆی کشانەوەی ئەمریکاوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی تووشی زیانێکی زۆر بووەتەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: تاران داوا لە لایەنەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنی ناوەکی دەکات کە ئەوەی ترەمپ بە کشانەوەی لە ڕێکەوتنی ناوەکی کردوویەتی، لە لایەن هیچ سەرۆک کۆمارێکی دیکەی ئەمریکاوە دووبارە ناکرێتەوە./.