بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری وتی کە ڕێژەی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق دەگاتە 50 ملیار دۆلار کە حکومەت لە دامەزراوەکانی قەرزی کردووە نە لە کەرتی تایبەت و ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکانیش کەمترە لە 23 ملیار دۆلار کە ساڵانە لە بودجەدا بڕە پارەیەک بۆ گەڕانەوەی ئەو قەرزە لە بەرچاو دەگیرێت.
ناوبراو وتی کە بەشێک لە قەرزەکانی حکومەتی عێراق بۆ پرۆسەی پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکان لە ساڵانی شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش دەگەڕێتەوە.
ڕاوێژکاری ئابوری مستەفا کازمی وتی: عێراق نزیکەی 40 ملیار دۆلاریش قەرزاری وڵاتانی ئێران، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و کوێتە و سەرەڕای ڕێکەوتنی پاریس ئەم وڵاتانە قەرزەکانیان نەبەخشیوە.
وتیشی: ئەم قەرزانە بۆ پێش 1990 دەگەڕێتەوە کە لە ڕاستی و ڕێژەکەیدا هەندێک گومان هەیە و دەبێت لە سەدا 80 ی نەمێنێت و بە پێچەوانەی ئەمەش لە ڕووی یاساییەوە بایەخێکی نابێت، لە بەر ئەوەی کە بە پێی ڕێکەوتنی پاریس دەبێت قەرزەکانی عێراقی پێش 1990 ببەخشرێت./.