ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە ساڵانە لانیکەم یەک هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنەکانی وەک سەرۆکایەتی کۆمار، ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، پەرلەمان، ئەنجومەنەکانی شار و گوند بەردەوام بە بێ دواکەوتن لە ئێران بەڕێوەچووە، لە هەر هەلومەرجێکدا پرۆسەی سیاسی لە ئێران ڕانەوەستاوە و خەڵک بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەلماندووە.
لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی ئێران دوژمنان بۆ لاوازکردنی پرۆسەکە و دابەزاندنی ڕێژەی بەشداری خەڵک بە دەیان پیلان و دوژمنایەتییان خوڵقاند بەڵام بە وشیاری بەرپرسان و خەڵک سەرجەم ئەو پیلانانە تووشی شکست کرایەوە و هەڵبژاردنەکانی ئێران هەموو کات بە ڕێژەی لە سەدا 60 تا 70 بەشداری خەڵکی تێدا هەبووە و ئەمەش ئامارێکی زۆر باشە بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەردەوام پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیان تێدا بەڕێوە دەچێت.
هەوڵ و پیلانگێڕی بەردەوامی دوژمنان بۆ ئەوە بووە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بێنن، لە بەر ئەوەی کە ڕەوایەتی ئەم دەسەڵاتە بە خەڵک و بەشداری ئەوانە لە پرۆسە سیاسییەکان نەک بە سەرچاوەکانی نەوت و گاز.
سیستەمی سیاسی ئێران پشت بە بەشداری خەڵک دەبەستێت و ئەوان پیشانیانداوە کە هەر کەسێکیان بیەوێت دەنگی پێدەدەن و کابینەی وڵات بۆ ماوەی چوار ساڵ بەو دەسپێرن، ئەم خەڵکە خۆیان شۆڕشیان کردووە و لە ڕێگای دەنگ و بەشداری خۆیانەوە ڕەوایەتییان بە حکومەت و دامەزراوەکانی بەخشیوە.
لەم هەڵبژاردنانەی ئێستای سەرۆکایەتی کۆمار شارەزایانی سیاسی پێشبینی دەکەن بە پێی ڕێنماییەکانی حيزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زیاتر بێت و خەڵک هەستیان بەم قۆناغە هەستیارە کردووە و دەزانن کە بەشداری زۆرینە لە هەڵبژاردنەکان بە واتای شکستی پیلانگێڕییەکان و سەرکەوتنە لە بەرامبەر دوژمنانی وەک ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی.
ئێران بەم خەڵکەوە درێژە بە سیاسەتی سەربەخۆی خۆی لە ئاستی جیهان دەدات، ئەو سیاسەتەی کە لە کاتی شۆڕشی ئیسلامی دیاری کرا، نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا، تەنیا پشت بەستن بە ئێران و توانا و دەفرایەتییەکانی ئێران، سیاسەتێک کە پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئێرانی بەرز کردووەتەوە و بێ گومان بەم هەڵبژاردنانەش جیاوازی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە زیاتر بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە، ئەو وڵاتانەی کە لە گەڵ هەڵبژاردنەکان نامۆن و تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێکیان بە چاو نەبینیوە./.