بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژان ئارنۆ نێردەی تایبەتی ئەنتۆنیۆ گۆترش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان بە یاوەری شاندێک گەیشتە تاران و لە گەڵ محەممەد ئیبراهیم تاهریان فەرد ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە و نێردەی تایبەتی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان بە تایبەت دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە تاوتوێ کرا.
بەرپرسە ئێرانییەکە بە ئاماژە بەوەی کە ئاسایش و ئاشتی لە ئەفغانستان بە واتای ئاسایش و ئاشتی لە ئێران دێت، پاڵپشتی تارانی بۆ وتووێژی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان دەربڕی و جەختی لە سەر پێویستی پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی ئەفغانستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو کردەوە.
هەر دوو لا نیگەرانی خۆیان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی توندووتیژییەکانی ئەفغانستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دەربڕی و داوای ئەوەشیان کرد کە کەسانی سڤیل نەکرێنە قوربانی./.