بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماریا زاخاروا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانێکی جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، جەختیکردەوە کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ زیاترکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە سوریا بە بیانووی شەڕی دژ بە تیرۆریستان، یارمەتیدەری سەقامگیری و ئاساییبوونەوەی ئەم ناوچەیە نابێت.
ناوبراو وتی: بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەم ڕاستییە لە ڕای گشتی دەشارنەوە کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بە نایاسایی چوونەتە سوریا، ئەوان پاساوی شەڕی دژ بە تیرۆر بۆ ئەمە دەهێننەوە، بە تێڕوانینی ئێمە ئەم سیاسەتە یارمەتیدەری ئاساییکردنەوەی دۆخی سوریا و سەقامگیری ئەم وڵاتە و ناوچەکە نابێت، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکا ئامانجێکی جیای لە سوریا هەیە و بەردەوام لە سەر ئەمەش قسەمان کردووە.
زاخاروا جەختیکردەوە کە ڕووسیا زیاتر لە هەر وڵاتێکی ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی ناوەندەکانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لە خاکی سوریا هەبووە، لەم پێناوەشدا هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری لە چوارچێوە چوارقۆڵییەکەی ڕووسیا، ئێران، سوریا و عێراق بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی کە هاوکاری نێوان سوریا و عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان ئەنجامی باشی دەبێت و ڕووسیا لەم پێناوەدا ئامادەی هەر هاوکارییەک بۆ ئەم دوو وڵاتە دەبێت./.