بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئۆیل پرایس، مەزندە دەکرێت ئێران 69 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە سەر نەوتهەڵگرەکان بە شێوازی ئامادە هەبێت تا دەستبەجێ پاش هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا بگاتە دەستی کڕیارانی.
سیتی گرووپ لە یادداشتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئێران نزیکەی 69 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە سەر دەریا پاشەکەوت کردووە و ڕەنگە لە کەناراوە دەریاییەکانی خۆیشیدا 54 ملیۆن بەرمیلی دیکەی هەبێت.
ئێران و ئەمریکا ماوەیەکە لە ڤیەننا بە شێوازی ناڕاستەوخۆ دانوستان دەکەن تا بگەنە چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی. جۆبایدن ویستی خۆیی لە سەر ئەم پرسە پیشان داوە بەڵام بە مەرجێک ئێرانیش پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت، ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە پاش هەڵگرتنی گەمارۆکان بۆ بەڵێنەکانی پێشووی خۆی دەگەڕێتەوە.
لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتن و پاش هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، ئەم وڵاتە دەتوانێت لە ماوەی 10 تا 20 ڕۆژدا نەوتەکەی بەرەو بازاڕەکانی جیهان بە تایبەت چین و هیندستان هەناردە بکات./.