بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سمکۆ سالار بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ سەبارەت بە خاڵی سنوری پشتە وتی: خاڵی سنوری پشتە یەکێک لە سنورانەیە کە پێی دەڵێن سنوری لاوەکی بەڵام لە ڕووی داهاتەوە بایەخێکی زۆری هەیە و ئەگەر هەندێک حاڵەتی وەک کۆرۆنا و شکانی تمەن و دۆلار نەبێت ساڵانە نزیکەی 50 ملیار دینار داهاتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ناوبراو وتی: بەدەر لەو 50 ملیار دینارەش ژمارەیەک لە شۆفێر و خەڵکی ناوچەکە و کۆمپانیاکان لەم خاڵە سنورییەدا چالاکی دەکەن و دەتوانین بڵێین کە داهاتەکەی بەمانەشەوە دەگاتە نزیکەی 60 ملیار دینار.
بە وتەی سمکۆ سالار، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نزیکەی 500 خێزان لەم خاڵە سنورییە سوودمەند دەبن.
بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی خاڵی سنوری پشتە وتی: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم خاڵە سنورییە، کێشەی کارەبا و ڕێگاوبانە کە هەوڵی پێویست بۆ چارەسەرکردنیان دراوە بەڵام تەواو نەبووە. هەندێک کێشەش لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوبەشی هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دراوە، وەک کارەبا کە ئەڵبەت ئەویش هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە.
ناوبراو وتی کە لە سەدا 40 ی کێشەی ڕێگاوبانی خاڵی سنوری پشتە چارەسەر کراوە.
وتیشی کە داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین ئەو کێشانەی پەیوەندی بە هەر دوو لاوە هەیە هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ بدرێت تا کاریگەری لە سەر کۆی گشتی چالاکییەکانی ئەم خاڵە سنورییە دانەنێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ سەبارەت بە جموجوڵە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنوری پشتە، وتی: بە شێوازی مامناوەند ڕۆژانە 200 بارهەڵگر کاڵا و شمەک لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێران و لەم خاڵە سنورییەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان کە جموجوڵەکە تەنیا هاوردەی کاڵایە و هەناردەیەک بۆ ئێران لە خاڵی سنوری پشتەوە ناکرێت.
سمکۆ سالار ڕایگەیاند کە لە ڕێگای خاڵی سنوری پشتەوە بە ڕێژەیەکی زۆر کاشی و سیرامیک بە هەموو جۆرەکانیەوە، مۆبێلات، ئامێری فێنککەرەوە، کەرەستەی یاری منداڵان، پێڵاو، کێبڵی کارەبا و تەلەفوون، خوێ و …. هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ناوبراو سەبارەت بە کێشەی کارەبا وتی: لە ساڵانی ڕابردوو ڕێکەوتنێک لە نێوان بەرپرسانی خاڵە سنورییەکە لە هەر دوو دیوی ئێران و هەرێمی کوردستانەوە کراوە کە ڕێکەوتنێکی فەرمی نێوان هەر دوو حکومەت نییە، لە ڕێگای ئەو ڕێکەوتنەوە کارەبا بە شێوازی 24 کاتژمێر دابین کراوە بەڵام هەندێک جار بە هۆی گرفتەوە دەبڕێت کە ئەمەش کێشەی بە دواوە دەبێت، ئەم کارەبایەش تەنیا بۆ خاڵە سنورییەکەیە و هیچ شوێنێکی دیکە سوودی لێ وەرناگیرێت.
وتیشی کە تیمەکانی حکومەت زۆربەیان سەردانی ئەم خاڵە سنورییەیان کردووە و لە گرفتەکان بە تایبەت گرفتی ڕێگاوبان ئاگادارن و بەدەر لەمەش دەیان جار بۆیان ئاراستە کراوە. وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان نزیکەی 200 تەن قیری بۆ ئەم ڕێگایە دابین کرد کە چەند کیلۆمەترێکی پێ چاککراوە. لە داهاتوویەکی نزیکدا لە بودجەی ڕێگاوبانی پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 300 ملیۆن دینار و پارێزگاری هەڵەبجەش 150 ملیۆن دیناری بۆ دابین کردووین و ئەمەش بووەتە پرۆژەیەکی 450 ملیۆن دیناری کە دەتوانێت تا ناو ناحیەکە گرفتەکە چارەسەر بکات.
سمکۆ سالار وتی کە لە گەڵ دیوی ئێرانیش لە گەڵ بەرپرسانی سنورەکە و هەروەها بەرپرسانی ئیداری قەزای سەلاسی باوەجانی چەند کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە و بە گشتی هاوکاری و هەماهەنگی پێویست بە تایبەت لە گەڵ کۆنسووڵخانەی ئەم وڵاتە لە سلێمانی هەیە./.