بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرکەوتنە گەورەکەی فەڵەستینییەکان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی لە هەلومەرجی نوێ و ئەو گۆڕانکارییانەی لە سەر ئاستی ناوچەکە لە ساڵانی ڕابردوو بینراوە، مسۆگەر بووە و دەتوانین ئاماژە بە چەند هۆکارێکی ئەم دەسکەوت و سەرکەوتنە بدەین:
یەکەم:
دۆسیەی فەڵەستین لە دەستی هەندێک سەرکردەی خۆفرۆشی ناوچەکە کە بەردەوام مامەڵەیان پێوە دەکرد و ئیمتیازیان بەو بۆنەوە وەردەگرت، دەرهێنراوە و فەڵەستینییەکان خۆیان بەرپرسیاریەتی سەرەکی بزوتنەوەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
دووەم:
فەڵەستینییەکان لە جێی حکومەتە خائین و خۆفرۆشەکانی ناوچەکە کە لەم ڕۆژانەدا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە نهێنییەکانیان لە گەڵ تەل ئەبیب دەدەن، هەست بە هاوپەیمانی ڕاستەقینەی بەرەی خۆڕاگری لە تارانەوە تا سەنعا دەکەن کە بە تەواوی پاڵپشتیی لە خۆڕاگری و خەباتی فەڵەستینییەکان کردووە و فەڵەستین خۆی بووەتە ئەندامێکی چالاکی ئەم بەرەیە لە ناوچەکە. خۆڕاگری فەڵەستین ئەمڕۆ دەستی کراوەیە و هێزی بەرگری و تەنانەت ڕوبەڕوبونەوەی هەیە، ڕەنگە لە ڕووی تەکنۆلۆژیاوە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی یەکسان نەبێت بەڵام شەڕی 12 ڕۆژەی ئەم دواییە ئەوەی سەلماند کە سەردەمی زاڵبوونی چەک بە سەر هاتووە و ئیسرائیل وەک چۆن سەید حەسەن نەسرووڵا باسیان کردووە، لاوازترە لەوەی کە بیری لێبکرێتەوە.
سێهەم:
سەرەڕای ئەوەی کە جولەکەکان تا ئێستاش خاوەنی گەورەترین دامەزراوە میدیاییەکانی جیهانن بەڵام پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دەرفەتەشی لە زایۆنیستەکان وەرگرتووە، بە شێوازێک کە وێنەی تاوانەکانی ڕژێمی تەل ئەبیب بە تایبەت لە قودس و گەڕەکی شێخ جەڕاح جیهانی هەژاند. ئەم کارەش لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی فەڵەستینەوە کرا کە دەرفەتی ئەوەیان نەبوو لە گۆڕەپانی شەڕدا بەشداری بکەن بەڵام بە هەموو هێزێکەوە لە گۆڕەپانی میدیاییدا سەرکەوتنیان تۆمار کرد. وێنەی منداڵە کوژراوەکانی فەڵەستین بە هۆی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە هیچ ڕێگایەکی بۆ دەربازبوونی زایۆنیستەکان لە بەرامبەر ویژدانی مرۆڤایەتی نەهێشتەوە. گوشاری ڕای گشتی لە شەری 12 ڕۆژەی ئەم دواییە ڕەنگە لە گەڵ گوشاری ڕای گشتی لە دژایەتی شەڕی ڤێتنام بەراورد بکرێت. کاریگەری میدیاییش وایکرد کە تەنانەت خۆپێشاندانی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی بەڕێوەچوو.
چوارەم:
یەکڕیزی فەڵەستینییەکان لە سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان ئەمجارە لە کەرتی خۆرئاوا، کەرتی غەززە، قودس و ناوچەکانی 1948 بووە بابەتێکی گرنگ و جێی سرنجی شارەزایانی کاروباری ناوچەکە. دانیشتووانی غەززە کە ساڵەهایە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە گەمارۆ دراون، لە بەرامبەر تاوان و سەرکوتکردنی برایان و خوشکانی خۆیان لە قودسی پیرۆز بێدەنگ نەبوون و ئامادەیی خۆیان بۆ پەیوەندیکردن بەوان و هاوکاریکردنیان لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند. هاوکات لە گەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە غەززەش دانیشتووانی کەرتی خۆرئاوا ڕژانە سەر شەقامەکان تا سیستەمی ئەمنی ڕژێمی زایۆنیستی تووشی کێشەی جیدی بکەنەوە.
پێنجەم:
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە لەم شەڕەدا بۆ جیهانیان ئاشکرا بوو، کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسرائیلە کە لە سەر بنەمای داگیرکاری و دەسدرێژی بونیاد نراوە، ئەوان بە هێرشە مووشەکییەکانی خۆڕاگری لە غەززەوە شڵەژان و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر باڵی بە سەر تەل ئەبیب و سەرجەم ناوچەکانی دیکەدا کێشا و تەنانەت ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تەل ئەبیب و فڕۆکەخانەکانی دیکە ڕاگرت.
شەشەم:
ڕەوتێکی نوێ لە خەباتی فەڵەستینییەکان و خەڵکی ناوچەکە لە بەرامبەر داگیرکارانی زایۆنیست دەستیپێکردووە و ئەویش گردبوونەوەی خەڵکی چەند وڵاتێکی ناوچەکە لە سنورەکان بە ئامانجی پەیوەندیکردنی بە فەڵەستینییەکان لە شێخ جەڕاح بووە. ئەگەر ئەمەش بکرێتە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە، بە دڵنیاییەوە کە زیاتر ئەو ڕژێمە لە لێواری لەناوچوون نزیک دەکاتەوە.
کۆی گشتی ئەم هۆکارانە وای لە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی کرد کە پەنا بۆ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی ببات کە ئاگربەستی غەززە لە لایەن خۆڕاگرییەوە قبووڵ بکرێت، ئێستاش بۆ بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە وەزیری دەرەوەی خۆیی ڕاسپاردووە لە ڕێگای هاوتاکەی لە میسرەوە بەو پەڕی لاوازییەوە داوای بەردەوامیی بکات./.