بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد یاسری شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فەڵەستین، وتی: درووشمی “قودس نزیکتر بووەتەوە” بە خێرایی و لە ڕووی مەیدانییەوە لە واقیع نزیک بووەتەوە، ئەمرۆ ئەم درووشمە لە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستیدا دەبینرێت و هەڵوەشانەوەی خەون و خەیاڵەکانی زایۆنیستەکانی خێراتر کردووە و ئەفسانەی شکست نەهێنانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستیی پووچەڵکردووەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە درووشمەکانی نتانیاهۆ سەبارەت بە حکومەتێکی بەهێز لە بەرامبەر دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسا شکستی هێنا، وتی: حکومەتی فەڵەستین لە ڕێگای خۆڕاگری دانیشتووانەکەیەوە دەبێتە ڕاستی و شەڕی ئەم دواییە مزگێنی شکستی زایۆنیستەکان و یەکڕیزی فەڵەستینییەکانی لێکەوتووەتەوە.
یاسری وتی: بە پێی ئەم گۆڕانکارییانە، فەڵەستینییەکانی ناوچەکانی 1948 لە قووڵایی ڕژێمی زایۆنیستییەوە کێشەی جیدییان خستە بەردەم تەل ئەبیب و سەرجەم لێکدانەوە و هاوکێشەکانی ئەو ڕژێمەیان تێکدا و دانیشتووانی کەرتی خۆرئاواش بە هاوکاریکردنی دانیشتووانی کەمپەکانی فەڵەستین یەکڕیزی خۆیان نمایش کرد و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک هەمیشە لە گەڵ خۆڕاگری فەڵەستین تا کۆتایی شەڕەکە مایەوە.
وتیشی کە ئیمام و ڕابەری بەرەی خۆڕاگری، حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی، چەند ساڵ بەر لە ئێستا هەواڵی لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستییان وەک شێرپەنجەی ناوچەکە، لە ماوەی 25 ساڵدا ڕاگەیاند.
بە بۆچوونی یاسری، ئەم ڕاپەڕینە هەنگاوێکی سەرەتایی و سەرکەوتنێکی گەورەیە و سەرجەم پرۆژەکانی سازشت بە تایبەت گرێبەستی سەدەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ڕوبەڕوی شکست کردەوە.
ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە لە کۆتاییدا وتی کە خوێنی پاکی شەهیدانی خۆڕاگری لە شێخ ڕاغب حەرب، سەید عەباس موسەوی، فەتحی شەقاقی، شێخ ئەحمەد یاسین، عەبدولعەزیز ڕەنتیسی تا عیماد موغنیە، تێکۆشەری گەورە ئەبومەهدی موهەندیس و سەیدی شەهیدانی بەرەی خۆڕاگری، فەرماندەی شەهید حاجی قاسم سولێمانی، ڕێگای ئازادی قودس و پرۆسەی لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستییان خێراتر کردووە./.