لە ئاکامدا شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی و گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین گەیشتە ڕاگەیاندنی ئاگربەست.
لە سەر ئەم ئاگربەستە کە لە رۆژانی شەڕ بەردەوام و بە بیانووی جۆربەجۆر لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە باس دەکرا، پێویستە چەند خاڵێک باس بکرێت:
یەکەم: لە ڕووی سەربازی و مەیدانییەوە بە تایبەت لە ڕووی بەرگری ئاسمانییەوە، سیستەمەکانی گومەزەی ئاسنین، فلاخن داود، پاتریۆت و تاو، ئاستی توانای ڕژێمی زایۆنیستی ڕووی لە دابەزین کرد و لاوازییەکەی گەیشتە ئاستێک تەنانەت لە لایەن زایۆنیستەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە دانی پێدا نرا.
دووەم: توانای ڕژێمی زایۆنیستی لە بواری ژێرخانەکانی پێویست و پیشەسازی بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ و دابینکردنی پێداویستییە مەدەنییەکان و هەروەها لە شارەکان تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاو بوو و بەردەوامی شەڕەکە بە دڵنیاییەوە کە ڕژێمی لەم بوارەدا ڕوبەڕوی کێشە و گرفتی جیدی دەکردەوە.
سێهەم: لە ڕووی دەروونییەوە، ڕژێمی زایۆنیستی لە دوو بەشی هێزە سەربازییەکان و دانیشتووانەکەی گەیشتە ئاستێک کە زیانەکانی بۆ قەرەبوو ناکرێتەوە. لە نێو میدیاکان و کەرتی تەندرووستی ڕژێمی زایۆنیستی دەستەواژەی بریندارانی دەروونی شەڕ بەردەوام هەبووە کە ئەویش پیشان دەدات ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون لەوانە زیاترن کە بە هۆی شەڕەکەوە بریندار بوون، ئەم دۆخەش وایکرد کە ڕژێم لە بەردەوامی شەڕی دژ بە گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین دیسانەوە شکست بێنێت.
چوارەم: لە بواری ئابوری، چەندین بەشی ئابوری بە تایبەت ترانزێت گەیشتە خاڵی سفر و زیانەکانی ماوەیەکی زۆری دەوێت تا بۆ تەل ئەبیب قەرەبوو بکرێتەوە.
ئاگربەستی غەززە ئەنجامی بەهێزبوونی خۆڕاگری لە 4 بواردا بووە:
هێزی شەڕ لە ڕووی مەیدانییەوە
هێزی کۆنتڕۆڵکردنی دەروونی ناوچەکانی شەڕ
هێزی سەلماندنی ئیرادەی زاڵبوونی خۆڕاگری بە سەر ڕژێمی زایۆنیستی
هێزی کەم وێنەی هەواڵگری
لە لایەکی دیکەوە ئەوەش بۆ هەمووان ڕوون کرایەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی توانای بەردەوامبوونی شەڕی غەززەی نەمابوو بەڵام بە پێچەوانەوە خۆڕاگری فەڵەستین هەڵگری پلانێکی چەندین مانگە لەم بوارەدا بووە. پلانی هێرشی مووشەکی لە جوگرافییەکی بەربڵاو لە ناوچە داگیرکراوەکان پیشاندەری گۆڕانکارییە لە هاوکێشەی شەڕی بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی و خاڵێکی گرنگە کە شارەزایان لەم ڕۆژانەدا جەختیان لە سەر کردووەتەوە.
لە سەر ئاسەوارەکانی ئەمجارەی شەڕی بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بدەین:
یەکەم: زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی باشوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ڕوویان هێنایە کۆچکردن یان ژیانی نێو پەناگە ژێرزەوینەکان و جێهێشتنی شارۆچکەکان لە سەر ئەو بنەمایە کە لە بنەڕەتدا ڕژێمی زایۆنیستی لە دابینکردنی ئاسایشی دانیشتووانی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان بە لاوازی دەرکەوتووە.
دووەم: هێرشی مووشەکی بەربڵاوی خۆڕاگری وەک خاڵێکی گرنگە کە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە خۆوە سەرقاڵ بکات. لەم شەڕەدا زیاتر لە 4000 مووشەک و ڕۆکێت لە سێ ئاستی دوورمەودا، مامناوەند و کورت مەودا ئاراستەی ناوچە زایۆنیست نشینەکان کرا کە لە سەدا 85 ی ئەوان ئامانجەکانی پێکاوە. خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەی کە تەنیا لە یەک کاتژمێری سەرەتایی شەڕەکەدا 300 مووشەک ئاراستەی ئەو ناوچانە کرا کە 100 مووشەکیان تەنیا لە یەک خولەکدا بووە و ئەمەش پەککەوتنی سیستەمەکانی بەرگریی ڕژێمی زایۆنیستیی بە دواوە بوو.
سێهەم: لە سێ بواری پیشەسازی، کۆمەڵایەتی و دەروونی زیانەکان لە ئاستێکدایە کە ڕەنگە ساڵانێک ببات بۆ تەل ئەبیب قەرەبوو بکرێتەوە، بە تایبەت لە بواری دەروونی و کۆمەڵایەتی دانیشتووانەکەی کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە.
چوارەم: بەم شەڕەوە دەتوانین بڵێین کە پیلانگێڕی گرێبەستی سەدە و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە شکستی کۆتایی گەیشت.
پێنجەم: لە هەمووش گرنگتر کاریگەری بیر و هزری شەهیدی قودس، شەهید حاجی قاسم سولێمانی، لە سەرکەوتنی خۆڕاگری فەڵەستین بە تایبەت ئەم مۆدێلە پلانادانانە کە یەکڕیزی سەرجەم گرووپەکانی خۆڕاگریی لێکەوتەوە، بابەتێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە لە گۆڕانکارییەکانی ئەمجارەی فەڵەستین بووە.
ئەمە بوو ئەو ئەفسانەی باسی شکست نەهێنانی ڕژێمی زایۆنیستیی دەکرد، ئەوانەی لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەو ڕژێمەدا وایان دەزانی کە هیچ هێزێک نییە ڕوبەڕوی زایۆنیستەکان ببێتەوە، ئەوەیە کە دەبینین خۆڕاگری فەڵەستین بە هێزی مووشەکی خۆیان شکستیان بە تەل ئەبیب و نتانیاهۆ هێنا، ئەی ئەگەر هێزێکی گەورەتر ڕوبەڕوی ڕژێمی زایۆنیستی ببێتەوە چارەنووسی چۆن دەبێت؟/.