بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکەی دانیشتووانی تاران لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: لە ئێران و لە گۆڕەپانی ئیمام حوسێن (ع) بە گەلی فەڵەستین ڕادەگەێنین کە دڵی ئێمە لە گەڵ ئێوەیە و هەموومان ئەمڕۆ فەڵەستینین و دەستەکانی ئێمە بۆ سەرکەوتنی ئێوە بەرەو ئاسمان بەرز بووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەو کاتەی کە ئێوە مووشەکی قاسم لە سەر دڵی ڕژێمی زایۆنیستی دەدەن ئێمە لە گەڵ ئێوەین و ئەمەش بەڵێنێکی هەمیشەییە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئەم ڕووداوانە وایکردووە کە ڕۆژی جیهانی قودس ببێتە مانگی قودس، ڕژێمی زایۆنیستی بیری لەوە دەکردەوە کە سنوری هەڕەشەکانی تێپەڕاندووە و دۆسیەی فەڵەستین لەبیر کراوە و هەوڵی ئەوەی دەدا کە فەڵەستین بکاتە بنەکەیەکی خۆی.
وتیشی: دوو ساڵ بوو کە دەستێوەردانیان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەکرد و کێشەیان بۆ پیشەسازی ناوەکی ئێمە درووست دەکرد و وایان دەزانی کە سیستەمی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل زیانی پێناگات بەڵام لە ناکاو هاوکێشەکە گۆڕا، هێرش کرایە سەر کەشتییەکانی ئەوان کە ئەمەش بۆ سێ مانگ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
لیوا سەلامی وتی: پاش 60 ساڵ بۆ یەکەم جار بە هەزاران مووشەک ئاراستەی تەل ئەبیب کرا و هیچ شوێنێکی پارێزراو بۆ زایۆنیستەکان نەماوەتەوە، سیستەمە بەرگرییەکانی ئەو ڕژێمەش لە بەرامبەر هێزی مووشەکی خۆڕاگری فەڵەستین شکستیان هێنا.
ناوبراو شکستی ڕژێمی زایۆنیستیی بە شکستی ئەمریکا ناو برد و وتی: ئەمڕۆ فەڵەستین بووەتە جیهانی و جوگرافییەکەی تەنیا کەرتی غەززە نییە، ئەمریکا و ئیسرائیل کەوتوونەتە نێوان دوو شکست، ئەگەر پاشەکشە بکەن شکستیان هێناوە و ئەگەر بمێنێتەوە دیسانەوە شکستیان هێناوە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ هاوکێشەکە گۆڕینی بە سەردا هاتووە و فەڵەستین بە مووشەک شەڕ دەکات، فەڵەستین تەنیا فەڵەستین نییە بەڵکوو جیهانی ئیسلامە بە گشتی./.